رووداو دیجیتاڵ
جۆرج لۆکاس، دەرهێنەری ئەمریکی، لە ریزبەندی یەکەمی لیستی دەوڵەمەندترین کەسایەتییە نێودارەکاندا هات، سامانەکەی بە 5.5 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت.
جۆرج لۆکاس (79 ساڵ) بەرهەمهێنەر، نووسەر و دەرهێنەرەی زنجیرە فیلمی سینەمایی "Star Wars" بوو تاوەکو بەشی "Star Wars: Episode III – Revenge of the Sith"ـە لە 2005، هەروەها بەرهەمهێنەرەی زنجیرە فیلمی "Indiana Jones"ـە.
لۆکاس، لە 2012 کۆمپانیای تایبەت بە خۆی بەناوی "لۆکاس فیلم" بە بڕی چوار ملیار دۆلار بە کۆمپانیای دیزنی فرۆشت، ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەوڵەمەندییەکەیەتی.
ئەو دەرهێنەرە جیهانییە، لە دەستپێکی کاری هونەرییدا، وەک نووسەر و دەرهێنەر کاری بۆ فیلمی "American Graffiti" لە 1973 کرد کە بەربژیری خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین فیلم بوو.
یەکەم سەرکەوتنی ئەو دەرهێنەرە لە رووی داهاتەوە، لە رێگەی فیلمی "Star Wars: Episode IV – A New Hope" بوو لە 1977، ئەوکات وەک پڕداهاتترین فیلم لەو کاتەدا دەستنیشانکرا و شەش خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا.
لە ریزبەندی دووەمی لیستەکەدا، ناوی ستیڤن سپێلبێرگ، دەرهێنەری ئەمریکی دێت کە سامانەکەی بە 4.8 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت.
لە لیستی 20 کەسایەتییە نێودارەکانی فۆربێس بۆ 2024، ناوی ئۆپێرا وێنفری، پێشکێشکاری ئەمریکی و پیتەر جاکسن، دەرهێنەری ئەمریکی دێت.
هەروەها تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بە سامانی 1.1 ملیار دۆلار ناوی چووە ریزی ملیاردێرەکانی جیهانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ