رووداو دیجیتاڵ
'لێکترازان' بەرهەمێکی نوێی شانۆییە و لە نووسین و دەرهێنانی دانا رەئووف، شانۆنووس و دەرهێنەری شانۆیی کوردە، بڕیارە سبەی هەینی لە سلێمانی نمایشبکرێت.
دانا رەئووف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'لێکترازان' کاژێر 5ـی ئێوارەی هەینی 6ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی نمایشدەکرێت و نمایشەکە تاوەکو 13 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکە، چەند دیمەنێک لە ترەیلەرێکدا بڵاوکراوەتەوە.
شەماڵ عەبەڕەش، دیاری عومەر، گۆران نامیق، شیلان عەبدوڵڵا، گۆران محەممەد، رەوەند ئەحمەد، محەممەد هۆشیار، هلند ئیبراهیم و لازۆ یاسین لەم بەهەمەدا رۆڵ دەگێڕن.
دانا رەئووف لەبارەی ئەم بەرهەمە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، بەرهەمەکە لە رووی ناوەڕۆک، فۆڕم و نواندنەوە شتێکی نوێیە بۆ شانۆی کوردی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، شانۆیەکە لێکترازانی کۆمەڵگەیە نەوەک بۆ کورد، بەڵکو بۆ لێکترازان و پەیوەندییەکانی مرۆڤە بە شێوەیەکی گشتی.
دانا رەئووف، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواوکردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردییە و لە 1992ـەوە لە ستۆکهۆڵمی سوێد دەژی، هەر لەو وڵاتە خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە.
لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی 'شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی' هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سوێدی و لەگەڵ شانۆی سوێدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە.
لە دوو کتێب دا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەوی دیکەیان بە سوێدی لەلایەن پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی کراوە.
تاوەکو ئێستا 47 کتێبی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندین دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سوێدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ کتێبیشی بە سوێدی بڵاوکردووەتەوە، یەکێک لە کتێبە سوێدییەکانی 'رەوش و داهێنان' لە زانکۆی ستۆکهۆلم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکارهێنراوە، ئەم کتێبە کارین هیلاندەر، پرۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ، زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە.
لە پەیمانگەی هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتووەتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندین سیمیناری لە سوێد و کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سوێدی و بە کوردی پێشکێشکردووە.
بەشداری چەندین کۆر و سیمیناری لە سوێد، دانیمارک و ئینگلتەڕا کردووە، جگە لە نووسین و وەرگێڕان و کتێبە تیۆرییەکانی دەقی شانۆیی نووسیوە.
دانا رەئووف سەرپەرشتی بڵاوکراوە شانۆییەکانی کوردستانی کردووە، بۆ نموونە گۆڤاری 'شانۆ' و زنجیرەی 'دەقی شانۆیی بیانی' لە دەزگای ئاراس، ئێستا سەرپەرشتی گۆڤاری 'تاڤ' دەکات کە تایبەتە بە شانۆ و لە سلێمانی چاپ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ