بە میوزیک و گۆرانی یادی لەدایکبوونی مەدحەت بێخەو کرایەوە

02-07-2024
هۆرڤان رەفعەت
لە ماڵی مەدحەت بێخەو یادی 90 ساڵەی لەدایکبوونی کرایەوە
لە ماڵی مەدحەت بێخەو یادی 90 ساڵەی لەدایکبوونی کرایەوە
نیشانەکردن مەدحەت بێخەو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەدحەت بێخەو، هۆزانڤانی ناسراوی کورد، تەمەنی بووە 90 ساڵ و بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە، هونەرمەندان لە ماڵەکەیدا سەردانیان کرد و گۆرانی و میوزیکیان پێشکێشکرد.
 
فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و هونەرمەند سەید ئەحمەد رواندزی، بەرێوەبەری هونەرەکانی میوزیک لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، رۆژی دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2024 لە ماڵەکەیدا میوزیکیان ژەنی و ئەو سروود و گۆرانییانەیان پێشکێشکردەوە کە تێکستی ئەو هۆزانڤانە کوردەن.  
 
گۆران حوسێن، بەڕێوەبەری چالاکی وێژەیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، بێخەو خزمەتێکی بێوەچانی لە دوو بواری دیاردا پێشکێش بە نەتەوەی کورد کردووە، ئەویش بواری پەروەردە و ئەدەبە. 
 
سەید ئەحمەد رواندزی، بەڕێوەبەری هونەرەکانی میوزیک بە رووداوی راگەیاند، بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بێخەو سەردانی ماڵەکەیان کردووە. هیوای ئەوەشی خواست، سەت ساڵی دیکە تەمەنی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە بوارەکەی خۆیدا زیاتر خزمەت بکات.  
 
دوای 60 ساڵ هێشتا سروودی "ئێمە کوردین نابەزین" لە تێکستی بێخەو، وێردی سەر زاری خەڵکە.
 
بێخەو دوای 90 ساڵ تەمەن، لە رێگەی رووداو داوا دەکات هۆزانڤان ببێتە هۆزانڤانی نیشتمان. گوتیشی، هۆزانڤان سەر بە هیچ و لایەن و حیزبێک نەبێت، بەو شێوەیە هەموو لایەک رێزی دەگرن.
 
مەدحەت بێخەو لە 1ـی تەمموزی 1934 لە قەزای مەخموور لە دایکبووە، خاوەنی چەندین دیوانی شیعری و دەیان بەرهەمی ئەدەبییە، چوار هۆنراوەی نیشتمانیی کراونەتە سروود.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە