رووداو دیجیتاڵ
'باران' گۆرانییە نوێیە رۆمانسییەکەی هونەرمەند سەنا بەرزنجەیە و لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە یەک ملیۆن جار لە یوتیوب بیستراوە.
ئەم بەرهەمە لە 21ـی شوباتی 2023 لە کەناڵی تایبەتی سەنا بەرزنجە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و یەک ملیۆن و 172 هەزار و 515 جار بیستراوە، لە کاتێکدا ئەم بەرهەمە کلیپی بۆ نەکراوە و تەنیا گرافیکێکی سادەی هەیە.
گۆرانی 'باران' لە تێکستی کاوە عەلییە و لە ئاوازی بابەک بەیاتە و دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن هاموون ئەزمە کراوە.
"خۆزگە ناوت باران ئەبا، ئەوسا خەڵکیش لەگەڵ من بۆ هاتنت دەست بە دوعا روومان دەکردە لای خودا، ئەو رۆژەی باران بێت و تۆ نەبیت، تۆ لە جێی من بیت ئاخۆ تۆ چۆن ئەبیت"، ئەمەش دەستپێکی گۆرانییەکەیە.
دوایین ڤیدیۆکلیپی ئەو هونەرمەندە بەناوی 'هەر ئەو کچەم' لە 30 کانوونی دووەمی 2023 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە 531 هەزار بینەری هەیە.
سەنا بەرزنجە، لە 2001 لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، سەرەتای کارەکانی بە دووبارەکردنەوەی بەرهەمی گۆرانیبێژانی دیکە دەستیپێکردووە، لە دوای بڵاوکردنەوەی چەند بەرهەمێک، شێوەی دەرنەکەوت، لە شابتی 2020 یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'راز' بڵاوکردەوە و لە رێگەی ڤیدیۆکلیپی 'من ئەو کچەم' بۆ یەکەمجار رووخساری دەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ