رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند سەنا بەرزنجە سبەی چوارشەممە، کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات و دەنگۆی هەڵوەشانەوەی کۆنسێرتەکەی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، کۆنسێرتەکەی لە کاتی خۆی بەڕێوەدەچێت.
سەنا بەرزنجە، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، کۆنسێرتەکەی لە هەولێر، سبەی چوارشەممە 12-7-2023 سازدەکرێت و هەڵوەشانەوەی دوورە لە راستی. گوتیشی "پێشوازی و پاڵپشتییەکی زۆر باش بۆ کۆنسێرتەکەی لە هەولێر هەیە".
سەنا بەرزنجە لە 8ـی ئەم مانگە، کۆنسێرتێکی لە سلێمانی سازکرد و بڕیاربوو کۆنسێرتەکەی هەولێر لە 13-7-2023 سازبکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو رێکەوتە هەمان رۆژی تیرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کۆنسێرتەکەی یەک رۆژ پێشخست و خستییە 12 هەمان مانگ.
سەنا بەرزنجە پێشتر لە ستۆری هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام بڵاویکردبووەوە، "بۆ حورمەتی خوێنی شەهیدان و دکتۆر قاسملوو؛ کۆنسێرتەکەمان یەک رۆژ پێشخست". هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، دانانی ئەو رێکەوتە بە سوتفە بووە و بێاگابوونە لەوەی هەمان رۆژی تیرۆرکردنی قاسملوو بووە.
سەنا بەرزنجە دوایین بەرهەمی بەناوی 'باران' بەشێوەی دەنگ لە 21ـی شوباتی 2023 بڵاوکردەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن و 800 هەزار جار لە یوتیوب بیستراوە.
سەنا بەرزنجە، لە 2001 لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، سەرەتای کارەکانی بە دووبارەکردنەوەی بەرهەمی گۆرانیبێژانی دیکە دەستیپێکردووە، لە دوای بڵاوکردنەوەی چەند بەرهەمێک، شێوە و رووخساری دەرنەکەوت، لە شوباتی 2020 یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'راز' بڵاوکردەوە و لە رێگەی ڤیدیۆکلیپی 'من ئەو کچەم' بۆ یەکەمجار رووخساری دەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ