خەڵاتەکانی ئێمی بۆ بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە نێودەوڵەتییەکان دابەشکران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن خەڵاتی ئێمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

52ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی بۆ بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو و تیۆمۆسی سپاڵ، ئەکتەری بەریتانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا.
 
ئەو ئەکتەرە خەڵاتەکەی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "The Sixth Commandment" بەدەستهێنا، پێشتریش خەڵاتی بافتای لە رێگەی فیلمەکە بەدەستهێناوە.
 
چۆتیمۆن چوینگچارونسۆکینگ، ئەکتەری تایلەندی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە رێگەی فیلمی "Hunger" بەدەستهێنا.
 
بەریتانیا پشکی شێری لە خەڵاتەکانی ئەمساڵی ئێمی بەرکەوت، ئەویش خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین بەڵگەفیلم، باشترین بەڵگەفیلمی وەرزشی و باشترین ئەنیمەیشنی منداڵان بوو.
 
لە دوای ئەو ئیسپانیا دێت بە بردنەوەی دوو خەڵات، ئەویش خەڵاتی باشترین کورتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و باشترین بەرهەمی تەلەنۆڤێلا -زنجیرەی تەلەڤزیۆنی لە ئەمریکای لاتین بەرهەمهاتبێت- بوو.
 

خەڵاتەکە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی بۆ هونەر و زانستی تەلەڤزیۆنی، دەبەخشرێتە باشترین بەرهەم و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان لە دەرەوەی ئەمریکا و ئەمساڵ 21 بەرهەم بەربژێری خەڵاتەکان کرابوون.
 
"Les Gouttes de Dieu" زنجیرەیەکی فەرەنسی، ژاپۆنی و ئەمریکییە، خەڵاتی باشترین زنجیرەی درامایی و زنجیرەی ئەرجەنتینی "División Palermo" خەڵاتی باشترین زنجیرەی کۆمێدی بەدەستهێنا.
 
سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی بۆ هونەر و زانستی تەلەڤزیۆنی، بە رووداوی راگەیاند: "لەم کاتانەدا کە پشێوی هەیە، بێگومان تەلەڤزیۆن شێوەیەکی هونەرییە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لەسەرتاسەری جیهاندا - بەبێ رەچاوکردنی کولتوور و زمانیان. ئەکادیمیای نێودەوڵەتی شانازی بەوە دەکات کە دان بەو بەرنامە و نمایشە تایبەتانە دەنێت".
 
خەڵاتەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024 لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و ڤیر داس، ئەکتەری کۆمێدی هیندی، پێشکێشکاری ئەو رووداوە هونەرییە بوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە