رووداو دیجیتاڵ
ئیمان بەدرخان ساڵح کە بە ئیمان رەشای ناسراوە، لەم ماوەیەدا لەسەر ستەیجی بەنێوبانگترین شۆی کێبڕکێی گۆرانیگوتن لە ئەڵمانیا و جیهانیش درەوشایەوە. گۆرانییەکانی لە گوێی چەندین ملیۆن ئەڵمانیدا زرنگانەوە و سەرسامی کردن.
لەماوەی رابردوودا، ئیمان بەدرخان کچە هونەرمەندی کورد لە یەکێک لە گەورەترین کێبڕکێی گۆرانیبێژی ئەڵمانیادا، سەرنجی ملیۆنان بینەری بۆ لای خۆی راکێشا.
ئیمان بەدرخان، میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، ئەو خەڵکی هەولێرە لەوێ لەدایک بووە، بەڵام لە ئەڵمانیا لەنێو ماڵباتێکی هونەردۆست گەورەبووە. باسی لەوە کرد کە یەکێک لە ڤیدیۆکانی زیاتر لە 13 ملیۆن بینەری هەبووە.
ئەو هونەرمەندە گەنجە ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای ئەوەی لە ئەڵمانیا لەدایک بووە، بەڵام خوێندن و نووسینی کوردی بە باشی دەزانێت و لە ماڵباتێکی کوردپەروەر و هونەردۆستدا پەروەردە بووە.
ئیمان رەشای، لەبارەی سەرەتای کارە هونەرییەکەیەوە گوتی"پێشتر تەنیا لە قوتابخانە گۆرانیم گوتووە، بەڵام یەکەم ئەزموونی گۆرانی گوتنم لە شۆیەکەدا بوو کە بینەرێکی ملیۆنی هەبووە".
ئەو هونەرمەندە کوردە کە جەختی لەسەر بەردەوامبوونی لە کاری هونەری کردەوە و رایگەیاند "لە هونەرەکەم بەردەوام دەبم و دەمەوێ لە رێگەی هونەرەکەشمەوە خزمەت بە نەتەوەکەشم بکەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ