بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە قازانجی گەڵف کیستۆن 70% کەمبووەتەوە

31-08-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەڵف کیستۆن دەڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی زۆری پێگەیاندوون و شایستە داراییەکانیان دواکەوتووە، بەڵام هێشتا پێیانوایە ئەو راگرتنە کاتییە و قازانجەکانیشی لە نیوەی یەکەمی ساڵدا 70% کەمبووەتەوە.
 
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن لە راگەیێندراوی کۆمپانیاکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.8.2023 بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، "راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای داخستنی بۆری جەیهان لە مانگی ئادار و بەردەوامیی دواکەوتنی پێدانی شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ئەدای دارایی و کارکردنی گەڵف کیستۆن لە شەش مانگی یەکەمی 2023ـدا داناوە."
 
هاریس دەشڵێت، "لە ئەنجامدا، بەخێرایی ئاراستەی سەرنجمان لەسەر بەرهەمهێنانی قازانجبەخشەوە گۆڕا بۆ پاراستنی نەختینەیی، راگرتنی هەر جۆرێکی بەرفراوانکردنی چالاکییەکانمان و کەمکردنەوەی بەرچاوی خەرجییەکان."
 
گەڵف کیستۆن باسی لەوەشکردووە، لە مانگی تەممووزدا بەشێوەیەکی نیمچەیی دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کردەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو رۆژانەگەیشتە 23 هەزار و 100 بەرمیل.
 
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردبوو، ئێستا هەر بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 30 دۆلار دەفرۆشن، بەو بڕەش دەتوانن سەرمایە و خەرجیی خەمڵێنراویان بۆ نیوەی دووەمی ئەمساڵ دابین بکەن، ئەمە جگە خەرجیی کارەکانیان و قازانجی خەمڵێنراویان کە نزیکەی 6 ملیۆن دۆلارە.
 
ئەو بەڕێوەبەرەی گەڵف کیستۆن دەشڵێت، چالاکانە بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان.
 
جۆن هاریس لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیشەوە دەڵێت، "هەرچەندە هیچ وادەیەکی فەرمی دیارینەکراوە، بەڵام بەردەوام دەبین لەسەر ئەو بڕوایەی کە راگرتنی هەناردە [ـی نەوتی هەرێمی کوردستان] کاتی دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتێکی گونجاودا دەست بە پێدانی شایستە داراییەکانی فرۆشتنی نەوت دەکاتەوە."
 
هاریس دەشڵێت، لەم نێوەندەدا، "ئێمە سەرنجمان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیی خاوەن پشکەکانی گەڵف کیستۆن دەبێت، ئەوەش لە رێگەی پاراستنی نەختینە و بەشدارییان وەکو کۆمپانیا و پیشەسازییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سەرەکییەکانی دیکە."
 
گەڵف کیستۆن لەبارەی قازانجەکانیەوە دەڵێت، لە نیوەی یەکەمی 2023ـدا، قازانجی کۆمپانیاکە 70٪ و بۆ 79 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار دابەزیوە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی 2022ـدا قازانجەکانی گەیشتبووە 263 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.
 
گەڵف کیستۆن ۆژی 10ـی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکی دیکە رایگەیاندبوو، لە کێڵگەی شێخان دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە و بە پاڵاوگەکانی نێوخۆی دەفرۆشن. باسی لەوەشکردبوو، 151 ملیۆن دۆلاری شایستەی مانگی 10ـی پار تاوەکو مانگی سێی ئەمساڵیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
گەڵف کیستۆن باسی لەوەشکردبوو، "دوای راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی جەیهان لە 25ـی ئاداری ئەمساڵ، هەناردەی نەوت لە کێڵگەی شێخان وەستاوە و لەدوای وەرگرتنی 26 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار وەک شایستەی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە 9ـی ئاداری ئەمساڵەوە، هیچ شایستەیەکی داراییمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە."
 
24ـی ئەم مانگەش، کۆمپانیای KHN کە یەکێکی دیکەیە لە کۆمپانیا سەرکارەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "KHN گەشبین نییە بەوەی دانوستاندنەکانی نێوان عێراق و تورکیا ببنە هۆی ئەوەی بۆڕیەکە لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە 28.8.2023، ئاڵپ ئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، ئامانجیانە لە کورتترین ماوەدا هێڵی نەوتی عێراق - تورکیا کارا بکەنەوە. راشیگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی کارە تەکنیکییەکانی پشکنین، بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان دووبارە دەکەوێتەوە کار.
 
لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، تورکیا و عێراق چەند جارێک دانوستاندنیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
بەپێی لێدوانێکی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 29-08-2023، زیانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە