رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەکاتی داخستندا کەمێک دابەزی و 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی گەیشتە سەروو 150 هەزار دینار. هۆکاری سەرەکیش کەمیی فرۆشی کاش بووە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە.
رۆژی دووشەممە 31-07-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی هەولێر، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 600 دینار بوو، دواتر بۆ 149 هەزار و 250 دینار دابەزی، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 150 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
حاجی سابیر دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ئەوە بوو کە فرۆشی کاشی بانکی ناوەندی کەم بوو.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر گوتیشی، ئەگەر سبەی هاوشێوەی ئەمڕۆ بانکی ناوەندی دۆلاری کاشی کەم بخاتە بازاڕەوە، رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هەبێت.
حاجی سابیر باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی رۆژانە بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت وەک خۆی بێتە بازاڕەوە، ئەوا 150 ملیۆن دۆلار بەسە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار و وادەکات 100 دۆلار بێتەوە سەر 148 هەزار دینار.
هاوکات جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار بوو، دواتر 100 دۆلار دۆلار بۆ 149 هەزار و 500 دینار دابەزی، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 150 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی بەهای دینار لەکاتی داخستندا، جەبار گۆران گوتی، هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمیی فرۆشی کاش بوو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، ئەگەرنا هەواڵەکان لە بەرژەوەندیی دینارن.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی گوتیشی، ئەگەر سبەی بانکی ناوەندی 35 بۆ 40 ملیۆن دۆلار بە کاش بفرۆشێت، بەهای 100 دۆلار بۆ 148 هەزار دینار دادەبەزێت، بەپێچەوانەوە رەنگە هەر لەم نرخەدا بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە دوای سێ رۆژ لە پشوو، بانکی ناوەندیی عێراق 210 ملیۆن و 290 هەزار و 35 دۆلاری فرۆشت؛ لەو بڕە 16 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بە نەختینە و ئەوی دیکەی بۆ حەواڵە بوو.
هۆکاری ئەمدواییەی دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
لە دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، فرۆشی نەختینەی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق کە کاریگەری لەسەر بەهای دینار لە نێوخۆدا هەیە، بۆ نزیکەی نیوە بەراورد پێش بڕیارەکە کەمیکردووە.
لە دوای بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە لە چوارشەممەی رابردوو، بەهای 100 دۆلار بە سەرووی 150 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ