نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 40 دۆلار دابەزی

30-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین و هەر ئۆنسەیەک بۆ خوار 2300 دۆلار دابەزی.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 30-04-2024 نرخی زێڕ 39 دۆلار دابەزی؛ هەر ئۆنسەیەک بە 2293 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا. ئەمەش نزمترین ئاستی نرخی زێڕە لە سێ هەفتەی رابردوودا.
 
کەمبوونەوەی گەشبینییەکان بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕە.
 
بڕیارە سبەی کاژێر 21:00 بە کاتی هەولێر، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیارەکەی لەبارەی رێژەی سوودەوە ئاشکرا بکات. زۆرینەی پێشبینییەکان بە ئاراستەی هێشتنەوەی رێژەکەن لە 5.25% تاوەکو 5.5%.
 
دواتر کاژێر 21:30 جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لە گوتارێکدا نوێترین پێشبینییەکان لەبارەی ئابووریی ئەمریکا دەخاتەڕوو. چاوەڕوان دەکرێت گوتارەکەی کاریگەریی بەرچاو لەسەر بازاڕ دابنێت.
 
کۆبوونەوە و گوتارەکە لە کاتێکی هەستیاردان: بازرگان و وەبەرهێنەران پێشبینیی ئەرێنییان لەبارەی گوتەکانی پاوڵ نییە.
 
بانکەکە دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2% دابەزێنێت، بەڵام لە مانگی رابردوودا رێژەکە لە 3.2%ەوە گەیشتە 3.5%. ئەمە وایکردووە وەبەرهێنەران پێشبینی بکەن گوتارەکەی پاوڵ هیچ ئاماژەیەکی تێدا نەبێت بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگەکانی داهاتوودا.
 
پێشتر جیرۆم پاوڵ چەندین جار باسی لەوە کردبوو کە ئەم ساڵ سوودی بانکی کەم دەکەنەوە. پێشبینی دەکرا لە حوزەیرانی ئەم ساڵ ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەکە بکات، بەڵام دوایین جار پاوڵ گوتی، "متمانەمان لاواز بووە بەوەی هەڵاوسان بەرەو ئامانجی 2%مان دابەزێت". ئەمە پێشبینییەکانی پێچەوانە کردەوە.
 
ئێستا بازرگانان پێشبینی دەکەن لە باشترین حاڵەتدا، ئەمریکا لە ئەم ساڵدا دوو جار سوودی بانکی کەم بکاتەوە. پێشتر ئەگەری سێ جار کەمکردنەوە دانرابوو. سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی زێڕ نزیکەی 250 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە