مامەڵەکردن بە بیتکۆین لە نزمترین ئاستی پێنج ساڵی رابردوودایە

29-08-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شڵەژانی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە قەبارەی مامەڵەی رۆژانە بە بیتکۆینەوە لە نزمترین ئاستیدایە لە نزیکەی پێنج ساڵی رابردوودا و رۆژانە مامەڵە بە کەمتر لە 130 هەزار بیتکۆینەوە دەکرێت؛ لە کاتێکدا ئاداری ئەمساڵ رۆژانە مامەڵە بە زیاتر لە سێ ملیۆن بیتکۆین دەکرا.
 
دامەزراوەی کریپتۆکوانت کە تایبەتە بە دراوە دیجیتاڵییەکان، لە راپۆرتێکدا رۆژی سێشەممە 29-08-2023 رایگەیاند، رۆژی 26ی ئەم مانگە لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی دراوە دیجیتاڵییەکاندا مامەڵە بە 129 هەزار و 307 بیتکۆینەوە کراوە، بەڵام لە 12ی ئەم مانگە، مامەڵە بە 112 هەزار و 317 بیتکۆین کراوە، ئەوەش نزمترین ئاستە لەدوای 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2018ـەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی ئاداری ئەمساڵ رۆژانە مامەڵە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بیتکۆینەوە دەکرا. بەراورد بە مانگی ئادار، لەم مانگەدا مامەڵەکردنی رۆژانە بە بیتکۆین نزیکەی 94% کەمبووەتەوە.
 
جولیۆ مۆرینۆ، بەرپرسی توێژینەوە لە کۆمپانیای کریپتۆکوانت دەڵێت: "لە جیهانی داراییدا، ئەوە راستییەکی دانپێدانراوە کە قەبارەی بازرگانی لەو بازاڕانەی کە ئاراستەیان رووەو دابەزینە، بەهۆی رۆیشتنی وەبەرهێنەرە تاکەکانەوە دادەبەزێت".
 
مۆرێنۆ دەشڵێت: "لە ساڵی 2022ـدا لە زۆربەی پلاتفۆڕمەکاندا ئەمە روویدا. بەڵام تاوەکو زیاتر ئاراستەی بازاڕ بەرەو بەرزبوونەوە بچێت، رەنگە قەبارەی بازرگانی [بە دراوە دیجیتاڵییەکان] بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی هەر بیتکۆینێک 57% بەرزبووەتەوە و هەر بیتکۆینێک بە نزیکەی 26 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی 5ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی فیدراڵی ئەمریکا بە تۆمەتی ساختەکاری و تێکەڵکردنی پارەی وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان لەگەڵ سەرمایەی پلاتفۆڕمەکە، سکاڵای لەسەر باینانس، گەورەترین پلاتفۆڕمی دراوە دیجیتاڵییەکان لە جیهاندا تۆمارکرد. دواتر بەهەمان تۆمەت، سکاڵای لەسەر کۆینبەیس، گەورەترین پلاتفۆڕم لەنێو ئەمریکاش تۆمارکرد.
 
رێکارە تووندەکانی ئەمریکا دژی دراوە دیجیتاڵییەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕی ئەو سێکتەرە داناوە و بووەتە هۆی جێهێشتنی بەشێک لە بازرگانان لەو بازاڕەدا.
 
رۆژی 17ـی ئەم مانگەش، کۆمپانیای سپەیس ئێکسی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان کە ئیلۆن مەسک، گەورەترین ملیاردێری جیهان خاوەندارێتیی دەکات، بە بەهای 373 ملیۆن دۆلار بیتکۆینی فرۆشت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار دوای مانگی شەشی ئەمساڵ، نرخی بیتکۆین بۆ خوار 25 هەزار و 500 دۆلار دابەزێت.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی راپۆرتەکەی کریپتۆکوانت، وەبەرهێنەرانی درێژخایەن لە بەرامبەر لاوازییەکانی ئەم دواییەی بازاڕدا خۆڕاگر بوون. گۆتام چوگانی، شارەزای بازاڕەکان لە دامەزراوەی بێرنستین کە تایبەتە بە راوێژکاریی دارایی دەڵێت، بەگشتی بازاڕ هەڵوێستێکی چەقبەستووی هەبوو لەکاتێکدا پێشبینیی کارەساتێکی نوێ دەکرا، ئاڵوگۆڕی نەختینەییش سنووردار ماوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە