گومرگی خۆی لە ورمێ: هەناردەمان لە 6 مانگدا زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلار بووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرگی خۆی لە پارێزگای ورمێ دەڵێت، "هەناردەی کاڵامان لە 6 مانگدا گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار." بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی رازیش لە سنووری هەمان شار دەڵێت، بە بەهای 81 ملیۆن دۆلار کاڵایان ترانزێت کردووە.
 
حوجەت چاوشی، بەڕێوەبەری گومرگی خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-09-2024 زیاتر لە 29 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 14 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە دەروازە سنوورییەکەوە هەناردە کراوە، کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، سێ هێندە و نیو زیادی کردووە.
 
حوجەت چاوشی گوتی، زۆرینەی ئەو کاڵایە هەناردەی باکووری کوردستان و تورکیا، تاجیکستان، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کراوە و بریتی بوون لە ئامێری کشتوکاڵی، چیمەنتۆ، ئیزۆگام و بەرهەمە کانزاییەکان.
 
هاوکات ئەکبەر خودادوست، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی رازی لە سنووری هەمان شار رایگەیاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 134 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 81 ملیۆن دۆلار لە رێگەی شەمەندەفەرەوە ترانزێت کراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە 50٪ زیادیکردووە.
 
خودادوست گوتیشی، 80%ی ئەو کاڵا و کەلوپەلەی لە رێگەی دەروازەی سنووریی رازییەوە هەناردە یان ترانزێت دەکرێت، بەرهەمی نێوخۆی پارێزگای ورمێیە.
 
دەروازەی سنووریی رازی دەکەوێتە سنووری شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کە رۆژهەڵات و باکووری کوردستانە پێکەوە دەبەستێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە