رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی تورکیا لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا بە بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 2.3٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 22 ملیار و 48 ملیۆن دۆلار، هەروەها هاوردە 10.7٪ دابەزیوە و بە بەهای 27 ملیار و 40 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 27ـی ئەیلوول ئاماری بازرگانی دەرەکی بۆ مانگی ئابی 2024ـی بڵاوکردەوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی ئامادەیان کردووە.
بەپێی ئامارەکان لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا ئاستی بازرگانی دەرەکی تورکیا 1.7٪ دابەزیوە و کۆی بڕی بازرگانی 40 ملیار و 598 ملیۆن دۆلار بووە.
هەر بەگوێرەی ئەو ئامارانە، هەناردەی تورکیا لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 2.3٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 22 ملیار و 48 ملیۆن دۆلار. هەروەها هاوردە 10.7٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 27 ملیار و 40 ملیۆن دۆلار.
بەم شێوەیە کورتهێنانی بازرگانی دەرەکی تورکیا لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 42.7٪ کەمیکردووە و بۆ 4 ملیار و 992 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا هەناردەی تورکیا بەراورد بە هەمان مانگەکانی پارساڵ 3.9٪زیادیکردووە. هەناردەی تورکیا لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا گەیشتووەتە 170 ملیار و 801 ملیۆن دۆلار. هاوردە 33.5٪ کەمیکردووە و بە 225 ملیار و 739 ملیۆن دۆلار تۆمار کراوە.
کورتهێنانی بازرگانی دەرەکی لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 54 ملیار و 938 ملیۆن دۆلار.
لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا بەگشتی هەناردەی تورکیا بۆ ئەڵمانیا لە پلەی یەکەم دێت، کە بایی یەک ملیار و 674 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمریکا بایی یەک ملیار و 339 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا بایی یەک ملیار و 242 ملیۆن دۆلار، هەرێمی کوردستان و عێراق بایی یەک ملیار و 122 ملیۆن دۆلار و ئیمارات بایی بە یەک ملیار و 20 ملیۆن دۆلار کالایان لە تورکیا هاوردە کردووە. لەو وادەیەدا تورکیا 29٪ـی هەناردەکردنی بۆ ئەم پێنج وڵاتە بووە.
لە هاوردە دا چین بە چوار ملیار و 21 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەمدایە. رووسیا بە سێ ملیار و 407 ملیۆن دۆلار پلەی دووەمی گرتووە، ئەڵمانیا بە دوو ملیار و 45 ملیۆن دۆلار پلەی سێیەم، ئەمەریکا بە یەک ملیار و 342 ملیۆن دۆلار پلەی چوارەم و ئیتاڵیاش بە یەک ملیار و 322 ملیۆن دۆلار پلەی پێنجەمی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ