نرخی گەنم بۆ نزمترین ئاستی نزیکەی سێ ساڵ دابەزی

28-08-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی گەنم دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28-08-2023 نرخی هەر بووشڵێك گەنم لە بۆرسەی شیکاگۆ بۆ مادە خۆراکییەکان بۆ 5.9 دۆلار دابەزی، بەوەش نرخی هەر تۆنێک گەنم بۆ 218 دۆلار دابەزی. ئەمەش نزمترین ئاستی نرخی گەنمە لەدوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی گەنم ئەوەیە کە پێشبینی دەکرێت رووسیا لە ئەمساڵدا هەناردەی گەنم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبکات، هاوکات نیگەرانییەکانی وشکەساڵیش لە سیبیریا کەمبوونەتەوە و بەرهەمی گەنمی ئەو وڵاتە زیادبووە.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا، لەمساڵدا بەرهەمی گەنمی ئەو وڵاتە دەگاتە 85 ملیۆن تۆن و لەو بڕەش، 48 ملیۆن تۆنی هەناردە دەکات، بەوەش دەبێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری گەنم لە جیهاندا.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا لە راپۆرتی 'خەمڵاندنی خواست و خستنەڕووی کشتوکاڵی جیهان' ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ خواست لەسەر بەکاربردنی گەنم لە جیهاندا بە بڕی سێ ملیۆن و 400 هەزار کەم ببێتەوە بۆ 769 ملیۆن و 100 هەزار تۆن، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەکاربردن لە یەکێتیی ئەوروپا و چین.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامیی نیگەرانییەکان لە بەرهەمی گەنمی ئۆکراینا رێگر بوو لە دابەزینی زیاتری نرخەکەی.
 
دابەزینی ئەمدواییانەی نرخی گەنم لە کاتێکدایە، 17ی تەممووزی ئەمساڵ و دوای سێ جار درێژکردنەوە، رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە کشایەوە.
 
بەهۆی بڕیارەکەی رووسیاوە نرخی گەنم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە؛ لە رۆژی کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنە، نرخی بووشلێک گەنم، کە دەکاتە 27 کیلۆ، لە بۆرسەی شیکاگۆ 6.7% بەرزبوەوە و گەیشتە 6.89 دۆلار، بەوەش نرخی تۆنێک گەنم گەیشتە 255 دۆلار.
 
دواتر لە کۆتاییەکانی ئەو مانگەدا، نرخی گەنم زیاتر بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو 280 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخی گەنم بوو لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
 
لە 22ی تەممووزی ساڵی رابردوودا رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ و بە ئامادەبوونی هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە