ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز: تورکیا شەش مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان هەیە

28-08-2023
ئەحمەد حەمید
وێنەی پاڵاوگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
وێنەی پاڵاوگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان شەش مەرجی بە عێراق داوە؛ داوایشی کردووە عێراق سکاڵای دووەمی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بکشێنێتەوە.
 
لە مانگی ئادارەوە بەپێی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ دەرەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت حکومەتی تورکیا 1.5 ملیار دۆلار بداتە عێراق، ئەوەش وەکو قەرەبووی ئەو زیانەی لەو وڵاتەی داوە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بەبێ رەزامەندیی بەغدا لە ساڵانی 2014 - 2018.
 
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 23 و 24ی ئاب لە کۆبوونەوەی شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بە‌غدا و هەولێر، باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کرا.
 
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "سکاڵایەکی دیکەی عێراق کە لەسەر تورکیای تۆمار کردووە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە لە ساڵانی 2018 - 2022 لە دادگە ماوە، ئەگەر ئەو سکاڵایە بباتەوە، تورکیا دەبێت چوار ملیار دۆلار بداتە عێراق، هەر بۆیە یەکێک لە داواکارییەکانی تورکیا کشانەوەی ئەو سکاڵایەی عێراقە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، نرخی گواستنەوەی نەوتەکەیە بە خاکی تورکیادا. عێراق دەیەوێت بۆ تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت 2 تاوەکو 3 دۆلار بداتە تورکیا، بەڵام کۆمپانیای بۆتاشی تورکی کە نەوتەکە لە خاکی تورکیا دەگوازێتەوە، داوای 7 دۆلاری کردووە."
 
سەباح سوبحی باسی لەوەش کرد، عێراق رژدە لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرەبووەی دیاریکراوە.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، یەکێک لە داواکارییەکانی دیکەی تورکیا ئەوەیە کە عێراق داشکاندنی بۆ بکات لەو نەوتەی کە بە خاکەکەیدا تێدەپەڕێت، ئەگەر هاتوو تورکیا نەوتەکەی کڕی؛ ئەو داشکاندنەش تورکیا داوایکردووە نزیکەی 13 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەباح سوبحی گوتیشی، "تورکیا دەیەوێت لە دانوستانەکاندا خۆی بسەپێنێت، چونکە کارتی تورکیا بەهێزترە لە عێراق و هیچ زیانێک ناکات لە راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان."
 
گرێبەستی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کرا و لە ساڵی 2010دا هەموارکرایەوە.
 
بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت عێراق بەردەوام بڕە نەوتێکی دیاریکراو بە بۆریی نەوتی کەرکووک – جەیهان دا بنێرێت، ئەگەر عێراق ئەوە نەکات، دەبێت قەرەبوو بداتە تورکیا.
 
لەو هەموارەدا کە ساڵی 2010 لە گرێبەستەکەدا کرا و تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو کاتی تورکیا و حوسێن شەهرستانی، وەزیری نەوتی ئەو کاتی عێراق واژۆیان لەسەر کردووە، وەزارەتی نەوتی عێراق بە تەنیا نوێنەری دەوڵەتی عێراق ناسێندراوە و ناوی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانیی عێراق، ناسراو بە سۆمۆ و، کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق وەکو دامەزراوە فەرمییەکانی وەزارەتەکە هاتوون بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان.
 
رۆژی 23-05-2014 بە تۆمەتی ئەوەی تورکیا پێشێلی ئەم گرێبەستەی کردووە، لایەنی عێراقی پەنای بردە بەر تۆمارکردنی سکاڵا دژی تورکیا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە