رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی زیادکردن و دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەران راسپاردەکانی خۆی پێشکێش کردووە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ژیان و بژێوی قورس بووە و پێویستە مووچەی فەرمانبەران زیاد بکرێت.
حکومەتی عێراق بە فەرمانێکی دیوانی بە ژمارە 24ی ساڵی 2024، لیژنەیەکی بۆ دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەران پێکهێناوە.
لیژنەکە کار لەسەر دەستکاریکردنی خشتەی ریزبەندیی مووچەی فەرمانبەران دەکات، بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان کەمە بۆیان زیاد بکرێت و جیاوازیی زۆری نێوان مووچەخۆران کەمبکرێتەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێویستە دەستکاریی خشتەی ریزبەندی مووچەی فەرمانبەران بکرێت، چونکە ئێستا بژێوی ژیان گۆڕاوە و سەخت و دژوار بووە، مووچەی ئێستا لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە ناگونجێت".
هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە 1921 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 جار مووچەی فەرمانبەران دەستکاریکراوە، کە زۆرترینیان لەماوەی 1990 تاوەکو 2003 بووە.
دوایین دەستکاریی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2014 بوو. ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، 10 ساڵە ژیان و بژێوی خەڵک قورس و دژوارتر بووە، پێویستە مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ ئەو دۆخە سەختە ئابوورییە بگونجێت و مووچەکانیان زیاد بکرێت.
زیاتر لە 4 ملیۆن فەرمانبەران لە عێراق هەن. بە کۆی گشتیی عێراق نزیکەی 11 ملیۆن مووچەخۆری هەیە.
جەمال کۆچەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، دەستکاریکردنی خشتەی ریزبەندیی مووچە پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆرە، بەلایەنی کەم دەبێت ئەو جیاوازە زۆرەی کە لە نێوان مووچەی پلەباڵاکان و فەرمانبەرانی ئاسایی هەیە چاکبکرێت، ئەوانەی مووچەیان کەمە بۆیان زیاد بکرێت. مووچەی پلە باڵاکان کەم بکرێتەوە.
چوارشەممە، 18-12-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دەستکاریکردنی خشتەی ریزبەندی مووچەی فەرمانبەران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پرسە تەنیا تایبەت نییە بە وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی، کە ئەندامە لە لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24ی ساڵی 2022 ، دەڵێت، داتا و زانیاریی پێویستیان داوەتە لایەنە پەیوەندارەکانی لیژنەکە. بەڵام سیستمێکی بایۆمەتری نییە، کە هەموو یەکەکانی خەرجکردن بەیەکەوە ببەستێتەوە.
وەزارەتی دارایی پێیوایە، سەرۆکی لیژنەی راسپێردراو بۆ ئامادەکردنی خشتەی رێزبەندی مووچە دەبێت گشتاندن بۆ یەکەکانی خەرجی بکات، تاوەکو داتا و زانیاری پێویستیان پێبدات.
وەزارەتی دارایی پێشنیازی کردووە داوا لە هەموو یەکەکانی خەرجکردن لە وەزارەت و دەستەکان و پارێزگاکان بکرێت، زانیاری لەبارەی فەرمانبەرانیان پێبدەن، لیژنەک پێکبهێنریت بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکان.
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و سێی ئەم مانگە بۆ پەرلەمانی عێراقی ناردووە، لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە و دەستکارکردنی خشتەی ریزبەندی مووچەی فەرمانبەران دەوڵەت و کەرتی گشتیی راسپاردەکانی خۆی پێشکێش کردووە.
وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، تاوەکو ئێستا ئەو راسپاردانە لە نێوان لیژنەکە و لایەنە پەیوەندارەکان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ