رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی فرۆشتنی خانووبەرە بە رێژەی 174٪ و کرێی خانووبەرەش بە رێژەی 168٪ زیادیکردووە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی زانکۆی باهچەشەهیر راپۆرتێکی لەبارەی نرخی فرۆشتن و کرێی خانووبەرە لە تورکیا بە ناونیشانی "ئاسۆی بازاڕی خانووبەرەی کرێ کانوونی دووەمی 2022" بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە تشرینی دووەمی 2022دا بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی 2021، نرخی هەر مەتر چوارگۆشەیەک لە فرۆشتنی خانووبەرە لە سەرتاسەری تورکیا بە تێکڕا 174٪ زیادیکردووە و بە 15 هەزار و 72 لیرە تۆمار کراوە.
نرخی هەر مەتر چوارگۆشەیەک لە خانووبەرەی کرێدا بە تێکرا 168٪ زیادیکردووە و لە رێکلامەکانی خانووبەرەی کرێدا نرخی مەتر چوارگۆشە بە 67 لیرەی تورکی بووە.
راپۆرتەکە دەریخستووە کە زۆرترین بەرزبوونەوەی کرێی خانووبەرە لە مانگی تشرینی دووەمدا لە ئانتاڵیا تۆمارکراوە. لە ئانتاڵیا لە ماوەی ساڵیکدا کرێی خانووبەرە زیاتر لە چوار هێندە زیادیکردووە و ئاستی بەرزبوونەوەکە بە 302.3٪ تۆمارکراوە.
لە دوای ئانتاڵیا زۆرترین بەرزبوونەوەی کرێی خانووبەرە بە رێژەی 208.2٪ لە ترابزۆن، بە رێژەی 207.7٪ لە دەنیزلی، بە رێژەی 185.7٪ لە مێرسین و بە رێژەی 175.3٪ لە ئەسکیشەهیر تۆمارکراوە.
لە ئیستەنبووڵ کە گەورەترین شاری تورکیایە، کرێی خانووبەرە بە رێژەی 147.7٪ و لە ئەنقەرە بە رێژەی 150٪ و لە شاری ئیزمیر بە رێژەی 160٪ زیادیکردووە.
کەمترین بەرزبوونەوەی کرێی خانووبەرە لە شاری ماڕاش ـی باکووری کوردستان تۆمارکراوە کە رێژەکەی 98.4٪ ـە. لە ئامەد بە رێژەی 100٪ و لە دیلۆک بە رێژەی 120.6٪ کرێی خانووبەرە زیادیکردووە.
زۆرترین بەرزبوونەوە لە نرخی فرۆشتنی خانووبەرە لە شاری مێرسین ـی تورکیا تۆمارکراوە کە رێژەکەی 209.8٪ ـە، هەروەها لە کۆجائەلی بە رێژەی 202.2٪ و لە ئانتاڵیا بە رێژەی 198.3٪ نرخی فرۆشتنی خانووبەرە بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیادبوونی ساڵانەی فرۆشتنی خانووبەرە لە ئیستەنبووڵ لە 190.5٪ بووە، لە ئەنقەرە زیادبوونەکە بە رێژەی 181.7٪ بووە. لە شاری ئیزمیر کە سێیەم گەورەترین شاری تورکیایە، زیادبوونی ساڵانە بە رێژەی 169.1٪ تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ