رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق کۆبوونەوە. پەیامنێری رووداویش دەڵێت، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت لە بودجەدا 17٪ـی پشکی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن، بەڵام 14٪یان بۆ جێگیرکراوە.
رۆژی یەکشەممە 27-11-2022، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانان؛ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کە هەریەک لە محەممەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان و تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق و کارمەندانی وەزارەتی دارایی و تیمی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادەی بوون، بەپێی راگەیێندراوی حکومەت "گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023ی فیدڕاڵی عێراق کرا."
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی "تێروتەسەل" لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2023ـی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا، بڕیاردرا لیژنەیەک لە نێوان هەردوولا پێکهێندرێت و دەست بەکارەکانی خۆی بکات، هاوکات شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی، لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە و لە نێویشیاندا کێشەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت 17٪ـی پشکی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن، بەڵام بە گوێرەی دوایین ئامار کە لە وەزارەتی پلاندانان وەریان گرتووە 14٪یان بۆ جێگیرکراوە بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەر لەسەر ئەو پشکە رێکبکەون، چونکە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەیە، بۆ ئەوەش کۆبوونەوەکانیان لە رۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 27-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەێیندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە رێکەوتی 9ی تشرینی دووەمی 2022 بڕیاری لەسەر درا، سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر بودجە و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان".
لەوبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، شاندەکە چەند رۆژێک لە بەغدا دەمێنێتەوە و ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە و سەبارەت بە بودجەی 2023 گفتوگۆ دەکەن.
سەردانەکە یەکەم سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق کە سەردانی بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ