ئەندامێکی لیژنەی دارایی: مانگانە بە 20 ملیار دینار دەتوانرێت کەمترین مووچەی خانەنشین بکرێتە 400 هەزار

27-11-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستی فەرمیی نەبووە لەسەر رەتکردنەوەی یاسای خانەنشینی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە. دەشڵێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمترین مووچەی خانەنشین بکاتە 400 هەزار دینار "بارگرانی زۆری لەسەر نابێت و مانگانە 15 بۆ 20 ملیار دیناری پێویستە." 
 
بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت: لەکاتی دەرکردنی یاسای چاکسازیدا وەکو لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان زۆر هەوڵماندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی بکەینە 400 هەزار دینار، بەڵام حکومەت ئامادەنەبوو ئەو بڕگەیە جێگیربکات و دەیگوت، 'بارگرانی دارایی زیاد دەکات.' 
 
بەگوتەی بەڵێن ئیسماعیل، ئەوکات حکومەت داوایکرد دوو ساڵ دەرفەتی بدرێتێ بۆ ئەوەی یاسایەکی تایبەت بە خانەنشینان دەربکەن، بەڵام ئەوە نزیکەی سێ ساڵە "هیچ ئەنجامێکی نییە." 
 
لەبارەی رەتکردنەوەی یاسای خانەنشینی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراق، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد: تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی نەبووە لەسەر ئەو پرسە و چاوەڕوانین لە هەفتەکانی داهاتوودا حکومەت هەڵوێستی خۆی بخاتەڕوو، ئەگەر کار بە یاسای خانەنشینی فیدراڵیی عێراق بکرێت، خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش سوودمەندی ماف و ئیمتیازاتی یاساکەی عێراق دەبن.
 
ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای خانەنشینی فیدراڵی بەرکار نەکات، وەک بەڵێن ئیسماعیل دەڵێت، "پێویستە رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە خانەنشینان ئامادەبکات کە یاسایەک بێت دادپەروەریی بۆ خانەنشینان تێدابێت."
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست ئەو پەرلەمانتارە کەوتوون، نزیکەی 250 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەن و مانگانە نزیکەی 118 ملیار دیناریان پێویستە بۆ مووچە، ئەگەر کەمترین مووچە بکرێتە 400 هەزار دینار، مانگانە نزیکەی 15 بۆ 20 ملیار دیناری دیکەی پێویستە. دەشڵێت، "رێکارەکان ئاسانن، بەڵام ویستی جیدی بوونی نییە بۆ ئەو پرسە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە