رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ سێیەمجار لە ئەم ساڵدا رێژەی سوودی بانکیی کەمکردەوە. دوای بڕیارەکە ئۆنسەیەک زێڕ 40 دۆلار دابەزی.
ئەمشەو چوارشەممە، 18-12-2024، لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی سەر بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، رێژەی سوودیان 0.25٪ کەمکردەوە.
بانکەکە لە مانگی ئەیلوولدا رێژەی سوودی 0.50٪ و لە مانگی ئەیلوولیش 0.25٪ کەمیکردبووەوە. بەم کەمکردنەوەی ئەمشەویش، رێژەکە بۆ 4.50٪ دابەزی.
بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دۆخی بازاڕی کار بە گشتی هێور بووەتەوە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە و رێژەی بێکاری کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی نزمدایە. [دابەزینی] هەڵاوسانیش بەرەو 2٪ پێشڤەچوونی بەدیهێناوە کە ئامانجی بانکەکەیە، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی کەمێک بەرزدایە".
لە بارەی ساڵی داهاتووشەوە بانکەکە دەڵێت، بەم دۆخەی ئێستا، پێشبینی دەکەن بتوانن رێژەی سوود 0.50٪ کەمبکەنەوە لە تەواوی ساڵی داهاتوودا.
لە دوای بڕیارەکە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لیژنەکەمان گفتوگۆی ئەو رێگەیانەی کردووە کە زیادکردنی پێناسی گومرگی دەتوانێت هەڵاوسان بەرزبکاتەوە. لەوبارەیەشەوە کاری باشمان کردووە".
قسەکانی پاوڵ، کاردانەوەیە بەرامبەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە بڕیاری داوە رێژەی پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان زیادبکات، ئەوەش ترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیادکردووە کە دەتوانێت ببێتە رێگر لەبەردەم دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی.
پاوڵ گوتی: "بۆ ئەمە پێویست دەکات هەڵسەنگاندنی وریایانە بکەین لەبارەی سیاسەتێکی گونجاو بۆ وەڵامدانەوەی زیادکردنی پێناسی گومرگی". گوتیشی، "دابەزینی هەڵاوسانی بنەڕەتی بۆ 2.5٪ لە ساڵی داهاتوودا وەک پێشبینی دەکەین، دەبێتە پێشڤەچوونێکی گەورە".
هەڵاوسانی بنەڕەتی سەرجەم نرخەکان دەگرێتەوە جگە لە خۆراک و وزە، لە مانگی رابردوودا لە ئەمریکا بۆ 3.3٪ بەرزبووەتەوە. هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 2.7٪ بەرزببووەوە.
پاوڵ لەبارەی کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود گوتی: "چاودێریی پێشڤەچوونی زیاتر دەکەین لەبارەی دابەزینی هەڵاوسان تاوەکو رێژەی سوود کەمبکەینەوە".
کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ بڕیاردان لەسەر رێژەی سوود دەکەوێتە 28 و 29ـی مانگی داهاتوو، واتە دەکەوێتە سەردەمی ئیدارەی نوێ بە سەرۆکایەتیی ترەمپ.
لەدوای بڕیارەکە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 40 دۆلار دابەزی و بە 2 هەزار و 607 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نیگەرانیی وەبەرهێنەران هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕە، چونکە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کەمتر لەو ئاستە رێژەی سوود لە ساڵی داهاتوو دادەبەزێنێت کە پێشتر پێشبینی دەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ