رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا، ئیدارەی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، دواخستنی بەڕێوەچوونی لووتکەی داڤۆسی بۆ هاوینی ساڵی 2021 راگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەگونجانی بارودۆخ بەهۆی هۆکاری سەلامەتی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021دا گەڕاندووەتەوە.
گوتەبێژی داڤۆس رایگەیاند: "ئیدارەی داڤۆس بڕیاریدا کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی کە بڕیار بوو لە کانوونی دووەم لە وەرزی زستاندا بەڕێوەببات، دوابخات بۆ هاوینی ساڵی داهاتوو".
بەگوێرەی گوتەبێژی داڤۆس، بڕیارەکە دوای ئەوە درا کە شارەزایان کاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەیان بە هۆکاری سەلامەتی پێباش نەبووە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری گوتەبێژی داڤۆس رایگەیاند: "بڕیارەکە ئاسان نەبوو، لەکاتێکدا پێویستییەکی لە رادەبەدەر هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرکردەکانی جیهان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئابووریی جیهان لە دوای کۆرۆنا".
رێکخراوی داڤۆس لە راگەیێندراوەکەیدا خۆی بە دوور گرتووە لە دەستنیشانکردنی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە لە ساڵی 2021دا، کە وەک ئاماژەیەک بۆ بەڕێوەنەچوونی لوتکەکە لە داڤۆس.
ئیدارەی رێکخراوی داڤۆس ئاماژەی بەوە داوە: "وردەکاریی کات و شوێنی بەڕێوەچوونی لووتکەکەتان پێڕادەگەیێنین هەر کە بارودۆخ گونجاوبوو بۆ تەندروستی و سەلامەتی هەموو ئامادەبووان و ئەوانەش کە لووتکەکە لەخۆدەگرن".
لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتیی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس رایگەیاند دەیانەوێت کۆبوونەوە بەنێوبانگەکەی ساڵانەیان لە بەرزاییەکانی شارە بچووکەکەی داڤۆسی سویسرا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لە ساڵان بۆ نموونە بەشێوەی گفتوگۆی کەسی و ئۆنڵاین.
سەرباری دواخستنی لووتکەکە بۆ هاوینی ساڵی داهاتوو، بەڕێوەبەرایەتیی لووتکەی داڤۆس پلانی هەیە لە 25ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، گفتوگۆ بەشێوەی ئۆنڵاین رێکبخات و سەرکردەکانی جیهان را و بۆچوونی خۆیان لە رێگەیەوە رابگەیێنن.
50 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس تێپەڕیوە، ساڵانە هەزاران کەس بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکەن.
لە ماوەی دامەزراندنیدا، کۆڕبەندی ئابووریی جیهان گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە؛ کۆڕبەندەکە لەو ماوەیەدا لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکانی جیهاندا گۆڕدراوە بۆ گەورەترین کۆبوونەوەی کەسایەتییە سیاسی و کاریگەرەکانی جیهان.
لە کۆڕبەندی داڤۆس، بەشداربووان لە سەرکردە، چالاکڤانان، زانایان و سەرمایەداران و رۆژنامەڤانان باس لە گرنگترین رووداو و مژارەکانی سەردەم دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ