سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق: هەوڵی چڕمان دەستپێکردووە بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان

27-01-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە فەرەنسا بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو قسەی کرد
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە فەرەنسا بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو قسەی کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەقاچاخ براونەتە دەرەوە و گێڕانەوەی تۆمەتبارانیش، بۆئەوە لەگەڵ وڵاتان دەستیان بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن کردووە. گوتیشی، "لە رێگەی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتییەوە دەتوانین ئەو کارانە بکەین."
 
رۆژی هەینی، 27-1-2023، حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کە یاوەریی شاندەکەی عێراقە بۆ فەرەنسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی گوت، "یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئاژانسی فەرەنسی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی واژۆکرد، کە ژمارەیەک پێداویستی بۆ عێراق و بەتایبەت دەستەی دەستپاکی بەدەستدەهێنێت."
 
لەبارەی یاداشتەکە؛ سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق گوتی، "بەدواداچوونی ئەو پارە دزراو و بەقاچاخ براوانەی لە رێگەی گەندەڵی و تاوانەکانی گەندەڵییەوە براونەتە دەرەوەی عێراق [لەخۆدەگرێت] هەروەها بەدواداچوونی تۆمەتباران و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان، ئەوەش لە رێگەی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولاوە، هەروەها ئەوەشی تێدایە کە چۆن بتوانین لە چوارچێوەی دەستوور بێ ئەوەی ئازادیی تاکەکەسی پیشێلبکرێت کارەکانمان بکەین و لەلایەنی بەرامبەر و فەرەنساوە ئەو پرەنسیپ و رێسایانە فێربین، بەتایبەت فەرەنسا لەمبوارەدا رۆڵی زۆری هەیە."

 

 
حەیدەر حەنوون گوتیشی، "باسی راهێنان و فێرکردنی کادیر و فەرمانبەرانی خۆمانمان کردووە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە بۆ ئەوەی شارەزایی و تواناکانیان پەرەپێبدەین."
 
رۆژی پێنجشەممە؛ محەممەد شیاع سوودانی لەلایەن وەزیری بەرگریی فەرەنساوە پێشوازی لێکرا، سەردانەکەی سوودانی چەندین رێککەوتن لە رووی سەربازی و سەرچاوە سرووشتییەکان لەخۆدەگرێت و لە ئەجێندای سەردانەکەیدا هاتووە: سوودانی دەیەوێت کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی بێتە عێراق و گێڵگەی نەوت بدۆزێتەوە.
  
هەر رۆژی پێنجشەممە؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فەرەنسا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە و "رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژییان واژۆکرد".

 

 
لەبارەی کارە یاساییەکانی گێڕانەوەی پارەکانی عێراق کە زۆر جار بەرپرسانی عێراق باسی گێڕانەوەیان کردووە، حەیدەر حەنوون رایگەیاند، "لە رێگەی یاداشتی لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگییەوە هەوڵی زۆر دەدەین بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق و سەلماندنی ئەوەی ئەو تۆمەتبارانە پارەی زۆری عێراقیان دزیوە و بردوویانەتە دەرەوە، ئەو پارانە موڵکی عێراقن، گرنگە و کارمان لەسەرکردووە بۆ ئەوەی پارەکان بگێڕینەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگە، کە هەموو رێوشوێنە یاساییەکانمان تەواوکردوون بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانە و پشتیوان بە خوا دەتوانین لەو رێگەیەوە پارەکانی عێراق بگەڕێنینەوە و تۆمەتبارانیش بگەڕێنینەوە و هەروەها بتوانین سزایان بدەین."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کە ئێستا دامەزراوەکەی کار بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانە دەکات کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە بە گەندەڵی براونەتە دەرەوەی عێراق، زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی یاداشتەکەوە قسەیکرد و گوتیشی، "یەکێکی دیکە لە خاڵە باشەکانی ئەو یاداشتە ئەوەیە؛ پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دەستەی دەستپاکی بەدەستبهێنین لە رێگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، چۆن بتوانین ببینە ئەندامی هەمیشەیی لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.