بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی بۆ 35٪ بەرزکردەوە

26-10-2023
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن بانکی ناوەندی تورکیا تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا کۆبووەوە و بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەرێژەی لە 35٪ .
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتی حافیزە گایە، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا بە زیادکردنی 500 خاڵ(5٪) و بەمەش سوودی بانکی بۆ 35٪ بەرزکرایەوە.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیەدا کە لە 21ـی ئەیلولی رابردوو بوو، سوودی بانکی لە 25٪ بۆ 30٪ بەرزکردەوە. 
 
زیادکردنی رێژەکە بەگوێرەی چاوەڕوانی ئابووریناسان بوو کە پێشبینیان دەکرد لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سوودی بانکی 500 خاڵی دیکە زیاد بکرێت و سوودی بانکی بۆ 35٪ بەرزبکرێتەوە. 
 
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19 لیرە و 60 قروش مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمین جار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. 
 
رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50٪ زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەمموزی 2023 رێژەی سوودی بانکی بە زیادکردنی 250 خاڵی بنەڕەتی، رێژەی سوودی بانکی لە 15٪ بۆ 17.5٪ بەرزکردەوە. لە کۆبوونەوەی مانگی ئابدا بە زیادکردنی 750 خاڵی بنەڕەتی رێژەی سوودی گەیاندە 25٪ و لە کۆبوونەوەی مانگی رابردووش رێژەکەی بۆ 30٪ بەرزکردەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە