رووخانی پردێک لە ئەمریکا هاتووچۆی بازرگانی رادەگرێت

26-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووخانی پردێکەوە لە ئەمریکا، بەندەری باڵتیمۆر لە ویلایەتی مێریلاند داخرا و چاوەڕوان دەکرێت زۆرترین کاریگەریی داخرانەکەی لەسەر بازرگانیی ئۆتۆمبێل بێت.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە کەشتیی دالی کە 10 هەزار کۆنتێنەری تێدابوو، لەنزیک بەندەری باڵتیمۆر لە ویلایەتی مێریلاندی ئەمریکا خۆی بە پردی فرانسیس سکۆت کێشا؛ بەو هۆیەوە پردەکە رووخا و کەشتییەکە نقووم بوو.
 
وێس مور، حاکمی ویلایەتی مێریلاند رایگەیاند، کەشتییەکە پەیامی ناردووە کە کێشەی هەیە و بەرپرسانیش لەنێوان ناردنی پەیامەکە و پێکدادانەکەدا هاتووچۆی کەشتییەکانیان راگرتووە.
 
بەهۆی رووداوەکەوە هاتووچۆی کەشتییەکان لە بەندەری باڵتیمۆر راگیراون.
 
ئەو بەندەرە یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی کەناری رۆژهەڵاتی ئەمریکا و داخستنی بووەتە هەڕەشە لەسەر گواستنەوەی کاڵا هەر لە ئۆتۆمبێلەوە تاوەکو دەگاتە خەڵووز و کاڵای دیکە.
 
داخرانی بەندەرەکە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی بازرگانی و دواکەوتن و بەرزبوونەوەی تێچوون لەو بارانەی بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنێردرێن.
 
بەپێی داتاکانی ئەمریکا، باڵتیمۆر زۆرترین بازرگانیی ئۆتۆمبێلی لە بەندەرەکانی ئەمریکا لێوە دەکرێت و لە ساڵی 2022ـدا زیاتر لە 750 هەزار ئۆتۆمبێل لەو بەندەرەوە ئاڵوگۆڕیان پێکراوە.
 
بەپێی داتاکانی حکومەتی خۆجێیی مێریلاند، لە ساڵی 2023ـشدا لە تێرمیناڵە گشتی و تایبەتییەکانی باڵتیمۆرەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە 847 هەزار 158 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر کراوە؛ ئەوەش زۆرترینە لەسەر ئاستی تەواوی بەندەرەکانی ئەمریکا.
 
ئۆتۆمبێلی کۆمپانیاکانی جەنەراڵ مۆتۆرز، ڤۆڵڤۆ، جاگوار، لاند رۆڤەر و ڤۆڵکسوەیگن لە رێگەی بەندەرەکەوە دەگوازرێنەوە.
 
هەریەک لە کۆمپانیاکانی جەنەراڵ مۆتۆرز و فۆردیش رایانگەیاند، ئاراستەی هەناردەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەگۆڕن.
 
داتاکانی حکومەتی خۆجێیی مێریلاند دەری دەخەن، لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 52 ملیۆن تۆن کارگۆ بە بەهای زیاتر لە 80 ملیار دۆلار لە بەندەری باڵتیمۆر گوێزراوەتەوە کە 11ـەم گەورەترین بەندەرە لەسەر ئاستی ئەمریکا.
 
مایێرسک، گەورە کۆمپانیای دانیمارکی تایبەت بە گواستنەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کەشتییەکە لە لایەن کۆمپانیاکەی ئەوانەوە بەکرێ گیرابوو.
 
مایێرسک دەشڵێت، "زۆر نیگەرانین بۆ ئەوەی لە باڵتیمۆر روویدا و بیرمان لای ئەو کەسانەیە لە رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە."
 
بەپێی داتای ماڵپەڕی "مارین ترافیک" کە تایبەتە بە ئامار و زانیاری لەبارەی هاتووچۆی کەشتییەکان، زیاتر لە 40 کەشتی بەهۆی رووداوەکەوە لەنێو بەندەرەکە ماونەتەوە و گیریان خواردووە، لانیکەم 30 کەشتیی دیکەش ئاماژەیان ناردووە کە بەرەو باڵتیمۆر دەڕۆن.
 
دوای رووداوەکە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا تەواوی تێچووی بنیاتنانەوەی پردەکە لە ئەستۆ دەگرێت و چاوەڕوانی ئەوەشی لە کۆنگرێس هەیە پشتیوانیی ئەو کارەی بکات.
 
پردەکە بە ناوی "فرانسس سکۆت" ناونراوە کە نووسەری سروودی نیشتمانیی ئەمریکایە.
 
هەروەها رووداوەکە دەبێتە گەورەترین رووداوی رووخاندنی پردێک لە ئەمریکا لە ساڵی 2007ـەوە. لەو ساڵەدا پردی I-35W لەنێو دەریای میسیسپی لە مینیاپۆلیس رووخا و بەهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە