وەزارەتی نەوتی عێراق: لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان رێکاری نوێی هەناردەکردنی نەوتمان تاوتوێکرد

26-03-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن وەزارەتی نەوت دادگەی پاریس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، دوای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا "رێکار و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا".
 
رۆژی 26-03-2023، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دوای بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە کە هاوکات وەزیری نەوتیشە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا رێکار و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، ئەمەش دوای بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 23ـی ئاداری 2023 دەستەی دادوەرانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە داوایەکی عێراق کە لە دژی تورکیا تۆماریکردبوو.
 
بەغدا لە ساڵی 2014 سکاڵاکەی لەدژی تورکیا تۆمارکردووە بەهۆی سەرپێچیکردنی لە رێککەوتنی ساڵی 1973ـی هێڵی بۆڕیی عێراق و تورکیا، کە لە دەقەکەیدا هاتوو "پێویستە حکومەتی تورکیا، گوێڕایەڵی رێنماییەکانی لایەنی عێراقی بێت لەبارەی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق بۆ سەرجەم ناوەندەکانی کۆگاکردن و رۆیشتن و وێستگەی کۆتایی".
 
لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردن و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووریی و یاسایی و بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و گەیاندنی حکومەت و ژمارەیەک بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندارەکانی عێراق، ئامادەبوون. 
 
رۆژی یەکشەممە، 26-03-2023، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەهۆی بڕیارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو دادگەی نێوبژیوانی پاریس بڕیاری دا بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە دوێنێوە نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە هەناردە ناکرێت و راگیراوە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراق گوتی "یەکێک لەو پرسانەی قسەی لەبارەوە دەکرێت، پرسی نەوت و هەناردەکردنی دەبێت".
 
سەبارەت بەو سزایەشی دادگاکە بەسەر تورکیا سەپاندوویەتی، کە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، کە دەبێت ئەو وڵاتە بە عێراقی بدات بەپێی بڕیارەکەی دادگەکە، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد "ئەو بڕەی دیاریکراوە لە بڕیارەکە هەر ئەوەندە نییە، چونکە عێراق داوای زیاتری کردووە، بۆیە لە داهاتوودا بڕی سزای دیکەی دێتەسەر".
 
شەوی هەینی، 24-3-2023، میدیا جیهانییەکان ئاشکرایان کرد کە حکومەتی تورکیا بڕیاری دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراق راگەیاندووە و تێیدا گوتوویەتی: "دادگەکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە" هەروەها گوتوویەتی: "ئەنقەرە بڕیاریداوە چیدیکە بەبێ رەزامەندی و مۆڵەتوەرگرتن لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێگە بە کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جەیهانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێبکەون".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و پێشوازی لێکرد و رایگەیاند "بڕیارەکە هەموو لایەنەکان پابەند دەکات بە رێزگرتن لە رێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار، وەزارەتی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە تاکە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە".
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی وردەکاریی بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریسەوە و رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی: "کەی رێککەوتین، ئاشكرای دەکەین".
 
ئەو سکاڵایەی لە ساڵی 2014 بەغدا لە دادگەی نێوبژیوانی پاریس تۆماری کردبوو، پاش 10 رۆژ هات لە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی.
 
سکاڵاکە لەو کاتەی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو کرا، هەرچەندە لە دوا هەفتەکانی دەستبەرداربوونی پۆستەکەی سکاڵاکە کرا، بەڵام دواتر حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیران لە کۆتایی ساڵی 2014 سکاڵاکەی سڕ کرد، دواتر لە سەرەتای ساڵی 2017 چالاککرایەوە، دواتر حکومەتی عادل عەبدولمەهدی سڕی کردەوە.
 
سکاڵاکە پەیوەندیی بە هەناردەکردنی نەوت لەنێوان 2014 تاوەکو 2018 هەیە، عێراق دەڵێت: لەو ماوەیەدا بڕی 26 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە بەهۆی ئەو رەفتارەی تورکیاوە.
 
رۆژی 20-04-2021، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، عێراق داوای 34 ملیار دۆلاری لە تورکیا کردووە بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی ئەو وڵاتەوە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق، سەرباری بوونی رێککەوتنێک بۆ ئەو مەبەستە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە