لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس باسی چی دەکرێت؟

26-01-2021
سۆران عومەر
نیشانەکردن داڤۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس ماوەی چوار رۆژ دەخایێنێت. لە 25ـی ئەم مانگە دەستیپێکردووە و تاوەکو 29ـی مانگ بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ پانێڵەکان دەستپێدەکەن و سەرکردەکانی جیهان و رێکخراوە جیهانییەکان تێیدا بەشداری دەکەن.
 
سەرکردەکانی جیهان، خاوەن کۆمپانیاکان، بازرگان و کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان لەو کۆڕبەندەدا بەشدار دەبن. بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ئەمساڵ کۆڕبەندەکە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بەڕێوەدەچێت و سەرکردەکان و بەشداربووانی دیکە لەڕێگەی ڤیدیۆی کۆنفرانسەوە گوتەکانیان پێشکەش دەکەن و پانێڵەکانیش بە هەمان شێوە ئۆنلاین بەڕێوەدەچن.
 
دروشمی ئەمساڵی کۆڕبەندەکە بریتییە لە "ساڵێکی یەکلاکەرەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانە". لەو کۆڕبەندەدا باس لە پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی، ئابووری، تەکنەلۆژیا و پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە جیهان دەکرێت. پەتای کۆرۆناش بابەتێکی گرنگ دەبێت و سەرکردەکان قسەی لەسەر دەکەن. 
 
ئەجێندای کۆڕبەندی داڤۆس حەوت پرس لەخۆ دەگرێت:
 
پاراستنی زەوی
 
کۆڕبەندی داڤۆس دەڵێت، زەوی گەرم دادێت، سەهۆڵبەندانەکان دەتوێنەوە، ئاستی ئاوی زەریاکان بەرزبووەتەوە و ئاوی دەریاکان پڕن لە پلاستیک و زبڵ.
 
فڕێنەدانی پلاستیک و بەکارنەهێنانی ماددە زیانبەخشەکانی ژینگە، لەو کارانەن دەبێت جیهان بەردەوام چاوی لەسەریان بێت.هەروەها پلانی کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن تاوەکو ساڵی 2030 جێبەجێ بکرێت.
 
بەپێی ئەو پلانەی لە رێککەوتنی پاریسدا هەیە، جیهان بەرەو ئەوە دەڕوات تاوەکو ساڵی 2050 دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هیچ بەرهەم نەهێندرێت. 
 
ئابووریی دادپەروەرانە
 
رێکخەرانی داڤۆس دەڵێن، نایەکسانی لە ساماندا خەڵکی رووبەڕووی هەژاری کردووەتەوە. دەرفەتی کار لە جیهاندا یەکسان نییە. تەکنەلۆژیای نوێ بووەتە هەڕەشە.
 
شی جین پینگ، سەرۆکی چین دەڵێت: لەپێناو پاراستنی جیهان پێویستە واز لە شەڕی تەکنەلۆژی بهێنین و لەپێناو مرۆڤدا بەکاری بهێنین.
 
تەکنەلۆژیا
 
"تەکنەلۆژیا هەلی کار دەکوژێت"، ئەوەش یەکێکە لە دروشمەکانی کۆڕبەندەکە. رێکخەرانی کۆڕبەندەکە دەڵێن، تەکنەلۆژیا وایکردووە، ئەو بوارانەی مرۆڤ کاری تێدا دەکردن و هەلی کاریان دەڕەخساند، خەریکە تەکنەلۆژیا بە مرۆڤیان چۆڵ دەکات. رۆبۆتەکان هەڕەشە لە داهاتووی کار دەکەن.
 
کۆمەڵگە و داهاتووی کار
 
لەم کۆڕبەندەدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکان. یەکسانی رەگەزی و رێگەگرتن لە رەگەزپەرستی دەبنە رێگەیەک بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو کەس. خاڵێکی دیکەی ئەم ئەجێندایە ترسە لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کە خەریکە ژیانی کۆمەڵایەتی تەواو دەگۆڕێت.
 
بازرگانیی باشتر
 
رێکخەرانی کۆڕبەندەکە دەڵێن، کێبڕکێ بازرگانییەکان هەندێکجار دەبنە شەڕی بازرگانی. لە شەڕی بازرگانیدا مرۆڤ دەبێتە قوربانی، بۆیە پێویستە جیهان بیر لە کێبڕکێی دادپەروەرانە بکاتەوە کە دەرفەت بە هەموو کەس بدات سوود لە پێشکەوتنی بازرگانی وەربگرێت. هەر لە چوارچێوەی ئەم ئەجێندایەدا باس لە داهاتووی بازرگانی دوای پەتای کۆرۆنا دەکرێت.
 
تەندروستی
 
پەتای کۆڤید19 وایکردووە ئێستا لە جیهاندا تەندروستی ببێتە یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی جیهان، لە ئەمساڵدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە لە هەموو جیهاندا پرسی تەندروستی زۆرترین قسەی لەسەر کراوە. لەم کۆڕبەندەشدا تەندروستی دەبێتە بابەتێکی سەرەکی.
 
چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڤید19 لە داهاتوودا، هەروەها کارکرکردن بۆ سیستەمی تەندروستیی باشتر و رەخساندنی دەرفەتی بەدەستهێنانی چاودێریی تەندروستی بۆ هەموو کەس، لەو بابەتانەن کە لەم کۆڕبەندەدا باس دەکرێن.
 
رێکخەرانی کۆڕبەندەکە دەڵێن، پێویستە کار بۆ پێشخستنی زیاتری زانستی پزیشکی بکرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی هەر ‌هەڕەشەیەک لەسەر تەندروستیی دانیشتووانی گۆی زەوی لە داهاتوودا.
 
ئەودیو جیۆپۆلەتیک
 
لەم بەشەدا، رێکخەرانی کۆڕبەندەکە مەبەستیانە بڵێن، وڵاتانی جیهان دەبێت بیر لەودیو سنووری وڵاتەکانیان بکەنەوە، چونکە کۆرۆنا سەلماندی کە کێشە لە بەشێکی زەوی دەبێتە کێشەی هەموو جیهان. ئەمڕۆش گۆڕانی کەشوهەوا بە یەکجار کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەیە.
 
هەر لە چوارچێوەی ئەم بەشەدا باس لە پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی، پاراستنی چینی ئۆزۆن، هەروەها کارکردن لە چوارچێوەی رێککەوتنی پاریس تایبەت بە کەشوهەوا دەکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە