رووداو دیجیتاڵ
بە پێچەوانەی رۆژانی رابردوو، ئەمڕۆ بەهای دینار لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان لەکاتی داخستندا بەرزبووەوە؛ تەنیا لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بەهای 100 دۆلار، هەزار دینار دابەزی.
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 161 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.
حاجی سابیر دەڵێت، پێش نیوەڕۆ، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزیندا بوو، 100 دۆلار گەیشتە 162 هەزار دینار، بەڵام دوای راگەیاندنی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، بەهای دینار دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، 100 دۆلار بە 160 هەزار و 600 دیناریش مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 161 هەزار دینار بوو.
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە بازاڕی دۆلارەکە، 100 دۆلار بە 161 هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار، هەزار دینار دابەزی و بە 160 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی 214 ملیۆن دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشت، لەو بڕە نزیکەی 33 ملیۆن دۆلاری بە نەختینە بوو و ئەوی دیکەی بۆ حەواڵە بوو.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر، زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار بەشێوەی نەختینە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەبوو.
حاجی سابیر بەشێکی دیکەی هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ ئەو دەنگۆیانە دەگەڕێنێتەوە کە باس لە زیادکردنی پشکی هەفتانەی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن، کە ئێستا هەفتانە 750 هەزار دۆلاریان بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی پێدەدرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنەکە گوتیشی، لێدوانی بەرپرسانی عێراقییش لەبارەی سزادانی ئەو کەسانەی یاری بە بەهای دینار و دۆلار دەکەن، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هەیە.
لە کاتێکدا لە بازاڕەکاندا 100 دۆلار بە زیاتر لە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، رۆژانە بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام فرۆشتنەکەی سنووردارە و زۆرینەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
رۆژی سێشەممە 17-10- 2023، عەلی عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دزەپێکردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دراوسێ و کۆنترۆڵنەکردنى تەواوەتى دەروازەکان، هۆکارى ناجێگیرى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ