ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە

30-10-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکوەزیران، کۆدەبێتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "لەبارەی کەرتی وەبەرهێنەران بەگشتی و داواکاریی وەبەرهێنەران بۆ خێرا راییکردنی مامەڵەکانیان گفتوگۆ دەکرێت".
 
رۆژی دووشەممە 30-10-2023 بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆدەبێتەوە و ئەو کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردووە."
 
بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کەرتی وەبەرهێنان بەگشتی دەکرێت و وەبەرهێنەران کۆمەڵێک داواکارییان هەیە و داوای خێرا راییکردنی مامەڵەکانیان دەکەن. ئەوان داوا دەکەن ئاسانکارییان بۆ بکرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە. 
 
رۆژی 17-10-2023 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانی کرد. 
 
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان 18-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنەرانی راگەیاندووە 'دوای کۆبوونەوەی لەگەڵیان، دەستبەجێ کۆبوونەوەی باڵای ئەنجوومەنی وەبەرهێنەرانیش دەکرێت.' 
 
هەر ئەوکاتە مەلا یاسین گوتی "ئابووریی هەرێمی کوردستان چەقی بەستووە، پاشەکشێکمان لە وەبەرهێنان هەیە، ئاڵۆگوڕی بازرگانی کەمیکردووە و وەبەرهێنەران کۆچ دەکەن و هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵن. بۆیە داوامان کرد خۆیان (سەرۆکی حکومەت) بە پەلە رووبەرووی بابەتی رۆتین ببێتەوە و ئەویش بەڵێنی چارەسەرکردنی دا."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە