رووداو دیجیتاڵ
دەستەواژەی "خەرجیی کرداری" لە یاسای بودجەی عێراقدا گرفتی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە. هێشتاش حکومەتی عێراق خشتەی بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 14-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی حاکیمە و سیادی، خەرجیی کرداریی خۆی دیاریکردووە، لەو خەرجییەدا 12,67%ی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە.
سەبارەت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، جەمال کۆچەر دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی باس لە خەرجیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا دەکات."
هاوکات سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە دەرەوەی "خەرجیی کرداری،" مووچەی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق دابین کردووە، بەڵام بۆ فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "خەرجیی کرداریی" کردووەتە بنەما و لەسەر ئەو بنەمایە خەرجی کردووە.
سۆران عومەر ئەو کارە پێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ناودەبات، "کە دەبێت مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دابین بکرێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بابەتێکی دیکە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "هێشتا دیار نییە کەی حکومەت خشتەی بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکات." ئاماژەی بەوەش کرد، خشتەی یاسای بودجەی 2025 لە وەزارەتی داراییە و تەواو نەبووە، دوای تەواوبوونی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانیش دوای پەسندکردن، دەینێرێتە پەرلەمان، بۆئەوەی پەرلەمانی عێراق پەسندی بکات.
رۆژی 13-01-2025 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بودجە، ژمێرکاری و قەرزی گشتیی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ بڕ و رێژەی جێبەجێکردنی بودجەی ساڵی 2024، پارەدارکردنی پڕۆژە نوێ و بەردەوامەکانی وەبەرهێنان، هەمواری یاسای بودجە، قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق، کورتهێنانی بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و مووچە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پەیجی خۆی بڵاویکردەوە، "بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دەرکەوت تاوەکو کۆتایی مانگی 12ی 2024 لەکۆی زیاتر لە 89 تریلیۆن و 743 ملیار و 203 ملیۆن دینار بۆ مووچە لە عێراق، نزیکەی 10 تریلیۆن و 738 ملیار و 629 ملیۆن دینار بۆ پارەدارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، "بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024، کەمترە لە کۆی تەرخانکراو بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024 کە بە 11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن 335 هەزار دینار خەمڵێندرابوو."
بەپێی لێکدانەوەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 837 ملیار دیناری شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2024 خەرج نەکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، سەرجەم شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2024 خەرجکردووە.
یاسای بودجەى گشتی سێ ساڵە(2023 و 2024 و 2025)، لە 12ـی حوزەیرانی2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـی هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ