رووداو دیجیتاڵ
بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ ژمارەیەکی پێوانەیی لە لەدەستدانی بەهاکەی تۆمارکرد.
رۆژی دووشەممە 25ـی تەممووزی 2022، دوای کردنەوەی بۆرسەکانی تورکیا، لیرەی تورکیا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە دابەزین تۆمارکرد. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکی بە 17.80 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و دواتر بەهای لیرە زیاتر دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی لە ساڵی 2022دا و یەک دۆلار بە 17.83 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک یۆرۆ بە 18.16 لیرە و دواتر بە 18.21 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. ئێستا بەهای لیرە لە بازاڕەکانی دراودا ناجێگیرە و یەک دۆلار لە نێوان 17.82 بۆ 17.83 لیرە ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی توركی بەراورد بە دۆلار زیاتر لە 25%ـی بەهاکەی لەدەستداوە.
ئەم دابەزینەی بەهای لیرەی تورکی دوای ئەوەهات، رۆژی پێنجشەممە 21ـی تەممووزی 2022 بانكی ناوەندیی ئەوروپا لە سەرووی چاوەڕوانییەکان رێژەی سوودی 50 خاڵ بەرزكردەوە، هەروەها بانكی ناوەندی توركیاش بۆ حەوتەمین جار لەسەر یەک رێژەی سوودی بانکی دەستکاری نەکرد و لە 14% بە جێگیری هێشتیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ