جەمال کۆچەر: دەکرێت حکومەتی عێراق 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت

24-12-2023
ئەحمەد حەمید
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، زەوینەسازییەکی باش هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، لە هەموارەکەشدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەخرێتە سەر بودجەی حاکیمە؛ بەوەش چیتر باسکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە دەبێت."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنی یاسای بودجەی ساڵانی 2023،2024 و 2025 پێکیهێناوە. د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "لیژنەکە لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان، هەر پارەیەک لە عێراق خەرجدەکرێت دەبێت چوارچێوەی یاسایی هەبێت، حکومەتی عێراق و بەرپرسانی عێراق رژدن چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
باسی لەوەشکرد: "پێشنیازەکە ئەوەیە مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بودجەی 'حاکیمە' بەوەش باسی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عێراق پێکەوە دەبێت، لە خشتەکەدا مووچەی 681 هەزار و 979 فەرمانبەری هەرێمی کوردستان هەیە کە مووچەکەیان 9.2 تریلیۆن دینارە، چەند چین و توێژێکی هەرێمی کوردستان دەبێت مووچەکانیان بخرێتە سەر بەغدا و ئێمەش ئەوەمان پێشنیازکردووە."
 
حکومەتی عێراق 2 ترلیۆن و 100 ملیار دیناری بە سێ جار بە قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە. ئەم ساڵ 7 رۆژی ماوە کەچی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە. لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراق مووچەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت: "دەکرێت حکومەتی عێراق 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت تاوەکو رێکارەکانی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە تەواو دەبێت، چونکە هەموارکردنەوەکە نزیکەی مانگێکی پێویستە."
 
جەمال کۆچەر گوتیشی: "دەنگێکی ناڕازی لە بەغدا هەبوو لە کاتی پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان بۆ مووچە، چوارشەممەی رابردووی پێش هەڵبژاردن بڕیار وابوو لیژنەکە کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا بەهۆی سەرقاڵی ئەندامانی لیژنەکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە."
 
لەبارەی هەموارکردنی یاسای بودجەوە، محەممەد شیاع سوودانی ئەم مانگە لە بەرنامەی "بێستوون تۆک"ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "حکومەت لە هەر لایەکی دیکە بەپەلەترە لەمەدا. ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ بۆ هەموارەکە دەدات و دەینێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئێستا لەپشوودایە".
 
لەبارەی پێدانی قەرز بۆ مووچەی مانگەکانی 10، 11 و12، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "تۆ قەرز لە چوارچێوەی بڕی پێشبینیکراوی پشکی هەرێم دەدەی. ناتوانی لە دەرەوەی پشکی خۆی پارە بدەی، چونکە مەحکومی بە یاسا. دەمەوێ بڕۆم بۆ هەموارەکە بۆئەوەی ئەو حاڵەتە تێپەڕێنم و بە پلەی یەکەمیش دەمەوێ ئەوە بپارێزم کە مووچەی فەرمانبەران بێ ئاستەنگ بڕوات، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەتوانین چارەسەری بکەین، چونکە شتێک کە ناتوانین دوای بخەین مووچەی فەرمانبەرانە. بۆیە دەمانەوێ پەلە بکەین".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە