رووداو دیجیتاڵ
بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بەردەوام لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ ژمارەیەکی پێوانەیی بە لەدەستدانی بەهاکەی تۆمارکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2022، لە بۆرسەکانی تورکیا لیرەی تورکی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە دابەزین تۆمارکرد. بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 18.66 لیرە و دواتر لە 18.63 لیرە جێگیربوو. هەروەها یەک یۆرۆ بە 19.39 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینیش بە 19.98 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم دابەزینە نوێیەی بەهای لیرەی تورکی لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دامەزراوەی سیاسەتی دراو سەر بە بانکی ناوەندیی تورکیا، رێژەی سووی سەر گواستنەوەی هەفتانەی دراو 50 خاڵ دابەزاند و لە 10.5٪ـەوە بۆ 9٪ کەمی کردەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای حەوت جار لەسەر یەک و لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێژەی سوودی بانکی دەستکاری نەکرد و لە 14% بە جێگیری هێشتبوویەوە.
ئابووریناسان ئەم هەوڵەی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ 9٪ بۆ بایەخی بانکەکە دەگەڕێننەوە بۆ خزمەتکردن بە سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووریی بۆ کۆتایی ساڵ. جەخت لەوەش دەکەنەوە، بڕیارەکە پەیوەندیی بە کەمکردنەوەی ئاستی هەڵاوسانەکان نەبووە کە تورکیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت و ئاستی هەڵاوسانیشی بۆ سەرووی 81.3٪ بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ