رووداو هەولێر
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئاداری تەواوی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی دابەشنەکراوە، هەروەها دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دیارنییە چۆن و کەی دابەش دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 24ـی نیسانی 2023، هونەر جەمال، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جارێ بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار بەرچاویان روون نییە و دوای گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دەتوانن کات و شێوازی دابەشکردنی مووچە رابگەیێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-4-2023) حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی بڕیاربوو بۆ مووچەی هەرێمی کوردستانی بنێرێت، نەیناردووە و رێکارەکانی ناردنیشی دەستپێنەکردووە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان "هیچ بڕە پارەیەک"ـی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و حکومەتی عێراقی بۆ مووچەی مانگی نیسان بەردەست نییە و، چاوەڕوانە لە رۆژانی داهاتوودا لە ئەگەری ناردنی پارە و گەڕانەوەی داهاتەکانی نێوخۆ، خشتەی نوێی مووچەی مانگی چوار رابگەیێنێت.
بۆ مووچەی مانگێک، 940 ملیار دینار پێویستە
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران، 940 ملیار دینار پێویستە.
رۆژی سێشەممە 18-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا 400 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت. بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەو 400 ملیار دینارە وەک قەرز بە هەرێمی کوردستان دەدرێت تاوەکو پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە.
ئەگەر 400 ملیارەکە لە بەغداوە بۆ هەولێر بنێردرێت، بۆ دابەشکردنی مووچە 540 ملیار دیناری دیکە پێویستە، ئەگەر وەک مانگەکانی رابردوو 200 ملیار دیناریش لە داهاتی نێوخۆ بدرێت، دیسان هەرێمی کوردستان 340 ملیار کورتهێنانی بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە دەبێت و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە.
رۆژی 17ـی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کڕیارانی نەوت گرێبەستێک واژۆ دەکەن و لەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەستیپێنەکردووەتەوە.
25ـی ئاداری 2023، دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە. کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی، 24-03-2023، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، وەکو پابەندبوونێک بە بڕیاری دادگەکە، کە پشتئەستوورە بە "رێککەوتننامەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی خاو"ـی نێوان عێراق و تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ