رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت.
ئیبراهیم بەحرلعلوم، وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 24ـی شوباتی 2024) یەکێک بوو لە بەشدارانی شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی بەغدا و بۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو قسەیکرد، گوتی "پێمانوایە نەوتی هەرێم[ـی کوردستان] ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی نەوتدا بڕێکی باشی هەیە لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دا. بەوپێیە رۆژانە 300-400 هەزار بەرمیل بەرهەمی هەیە، ئەم بڕە بایەخی باشی بۆ بازاڕی نەوتی عێراق هەیە و حکومەتی فیدراڵی گرنگی بە کاراکردنەوەی ئەم بەشەی بەرهەمهێنان و هەناردەکارییە دەدات."
بەحرلعلوم هەروەها گوتی "حکومەتی فیدراڵی دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە و پێموایە دۆخەکە بە ئاراستەیەکی دروست هەنگاودەنێت. پێدەچێت، لە ماوەیەکی کورتدا قەیرانەکە چارەسەر بکرێت، دوای ئەوەی دانوستاندنە دووقۆڵییەکە چەند مانگێکی خایاند. لەلایەکی دیکەشەوە لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان] و حکومەتی فیدراڵی هەیە و شاندی هەرێمی کوردستان بەردەوام سەردانی حکومەتی فیدراڵی دەکات. بە بڕوای خۆم، لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەکردنی کێشەکان ئاسانتر دەبن."
سەبارەت بە شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی چارەکردنی جیاوازییەکانیان، ئیبراهیم بەحرلعلوم رایگەیاند، "ئەمە کێشەیەکی گەورەی نێوان هەردوو لایەنە و زیاتر لە جارێک بەتایبەت لەسەر ئەم بابەتە کۆبوونەوە کراوە، لەپێناو چارەکردنی شایستەی کۆمپانیا گەورەکان، بەو پێیەی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و جیاوازییەکی زۆریش لەنێوان گرێبەستەکانی حکومەتی فیدراڵیدا هەیە لەگەڵ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور. لەئەنجامدا پێویستی بە دید و بۆچوونی نوێیە، وەزارەتی نەوتیش چەند پێشنیازێکی خستووەتەڕوو و ئێستاش لەگەڵ حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان] گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازەکان دەکرێت کە پەیوەندییان بە شایستەی کۆمپانیا بیانییەکانە ئەوانەی لە هەرێم[ـی کوردستان] وەبەرهێنان دەکەن."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە ناوەڕۆکی پێشنیازەکان گوتی "لە راستیدا چەندین پێشنیاز هەن و ئێستاش سێ پێشنیاز خراونەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاردانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان نازانین چۆن و چی دەبێت، بەڵام سەرجەم پێشنیازەکان لە بەرژەوەندیی گشتیدان کە دەبێت ئاسانکاری بکرێت لەپێناو بەردەوامیدان بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵێکە لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ئەنجامی سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا راگیراوە، بەو هۆیەوە تاوەکو تائێستا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیانی لە داهاتی عێراق داوە و، هەرچەندە درەنگتر دەست بە هەناردەکردن بکرێتەوە، قەبارەی زیانەکانیش لەسەر عێراق زیاتر دەبن.
بەحرلعلوم هەرچەندە ئامادە نەبوو، ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ رووداو ئاشکرا بکات، بەڵام گوتی "ئەم پێشنیازانە تاوەکو ئێستا بۆ میدیا و راگەیاندنەکان ئاشکرا نەکراون، بەڵکو لەنێوان هەردوو شاندی هەرێم[ـی کوردستان] و حکومەتی فیدراڵیدا تاوتوێ دەکرێن. دواتریش دەخرێتە بەردەم کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ئەوەی بخرێنە بەرنامەی کار و، پێموایە حکومەتی ناوەندی دەستپێشخەری و پێشنیازەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات."
سەبارەت بەوەی کە پێشنیازکراوە 12 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بە کۆمپانیاکان بدرێت، وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق بە رووداوی گوت "ناتوانم باس لە دیاریکردنی ژمارەکان بکەم، بەڵام وەک گوتم، چەند پێشنیازێک پێشکێش کراون و ژمارەکان باسیان لێکراوە و دید و بۆچوونی هاوبەش هەن بۆ چارەکردنی ئەم بابەتە بۆ ئەوەی هەرێم[ـی کوردستان] و کۆمپانیاکانی سوودمەند بن لە چوارچێوەی ئەم پێشنیازانەی حکومەتی ناوەندی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ