رووداو دیجیتاڵ
بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان لە سەرەتای مانگی ئایاری 2022ـەوە بەردەوام لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ ژمارەیەکی پێوانەیی بە لەدەستدانی بەهاکەی تۆمارکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 23ی ئاداری 2023، لە بۆرسەکانی تورکیا لیرەی تورکی ژمارەیەکی پێوانەیی لە دابەزین تۆمارکرد. بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 19.14 لیرە و دواتر لە 19.04 لیرە جێگیربوو. هەروەها یەک یۆرۆ بە 20.78 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینیش بە 21.06 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم دابەزینە نوێیەی بەهای لیرەی تورکی لە بەردەوامیی کاردانەوەکانی شکستی بازاڕە داراییەکان و ئەنجامی ناسەقامگیریی بازاڕەکانە بەرامبەر بڕیاری دامەزراوی سیاسەتی دراو سەر بە بانکی ناوەندیی تورکیا کە رێژەی سووی سەر گواستنەوەی هەفتانەی وەک خۆی بۆ جاری دووەم بەرێژەی 8.5٪ هێشتەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای حەوت جار لەسەر یەک و لەسەرەتای 2022ـەوە رێژەی سوودی بانکی دەستکاری نەکرد و لە 14% بە جێگیری هێشتبوویەوە. لە کۆتایی ساڵدا قۆناخ بەقۆناخ تاوەکو 10٪ی دابەزاند. دوای ساڵی نوێ، رێژەکەی بۆ 8.5٪ کەمکردەوە.
ئابووریناسان، ئەم هەوڵەی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکیی بۆ 8.5٪ بۆ بایەخی بانکەکە دەگەڕێننەوە بۆ خزمەتکردن بە سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووریی بۆ ئەمساڵ. جەخت لەوەش دەکەنەوە، بڕیارەکە پەیوەندیی بە کەمکردنەوەی ئاستی هەڵاوسانەکان نەبووە، کە تورکیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت و بۆ سەرووی 86.7٪ بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ