وەزارەتی دارایی: 75٪ـی کێشەی بایۆمەتریی مووچەخۆران و فەرمانبەران چارەسەر بووە

دوێنێ کاژێر 10:16
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 105 هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، "75٪ـی کێشەی بایۆمەتریی مووچەخۆران و فەرمانبەران چارەسەر بووە".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 22-10-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "لە 25/8/2024ەوە تاوەکو 18ی 10ی 2024، 105 هەزار و 560 فەرمانبەر و مووچەخۆر لە رێگەی بنکەکانی تۆمارکردنی بایۆمەتری لە بانکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتری تۆمار کردووە". 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوورییدا هاتووە، "لەو 105 هەزار و 560 فەرمانبەر و مووچەخۆرە، زیاتر لە 35 هەزاریان خانەنشین و زیاتر لە 20 هەزاریان خاوەن پێداویستیی تایبەتن؛ 7 هەزار کەسیان فەرمانبەرن و نزیکەی 6 هەزاریان وارسی شەهیدانن؛ نزیکەی 35 هەزار کەسیش مووچەخۆرن کە بارکۆدی UPNیان هەبوو، بەڵام کێشەی بایۆمەترییان هەبوو."
 
وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە، "ئەو مووچەخۆرانەی کێشەی بایۆمەترییان هەبوو لە تێبینیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا، کێشەکانیان هونەری بوو نەوەک یاسایی، کە نزیکەی 140 هەزار مووچەخۆرن."
 
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە کە "ئێستا 75٪ـی کێشەکانی بایۆمەتری و لیستی مووچە چارەسەر بووە و تاوەکو کۆتایی ساڵ، سەرجەم کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچە چارەسەر دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە