رووداو دیجیتاڵ
هەڵاوسان لە لوبنان گەیشتە 260٪ لە مانگی ئایاردا، ئەوەش لەکاتێکدایە چەقبەستوویی سیاسیی وڵاتەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەردەوامە. لەسەر ئاستی مانگانەشدا، مانگی رابردوو هەڵاوسان لە لوبنان 5.4٪ بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگی نیسان.
لە ساڵی 2021ـدا هەڵاوسان لە لوبنان 155٪ بوو، بەڵام لە ساڵی 2022ـدا گەیشتە 171٪ کە بەرزترین ئاست بوو لە 40 ساڵی رابردوودا.
لەمساڵیشدا هەڵاوسان زیاتر بەرزبووەوە دوای ئەوەی لە مانگی شوباتدا بانکی ناوەندیی وڵاتەکە بەهای لیرەی لوبنانیی بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند.
پێشتر نرخی فەرمیی دۆلار هەزار و 507.50 لیرەی لوبنانی بوو، بەڵام بانکی ناوەندیی وڵاتەکە لە مانگی دووی ئەمساڵدا نرخی فەرمیی دۆلارێکی بە 15 هەزار لیرە دیاریکرد.
ناوەندی کارگێڕیی ئاماری لوبنان دەڵێت، بەراورد بە مانگی ئایاری 2022، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا نرخی ئامێرەکانی گواستنەوە و گەیاندن زیاتر لە حەوت هێندە، نرخی خواردنەوە کحولییەکان و بەرهەمەکانی تووتن زیاتر لە پێنج هێندە و نرخی خزمەتگوزاری و کاڵاکانی هوتێل و چێشتخانەکانیش زیاتر لە چوار هێندە بەرزبوونەتەوە.
لوبنان بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت کە بانکی جیهانی بە یەکێک لە سێ گەورەترین قەیرانی ئابووریی جیهان لەدوای ساڵی 1850 ناوی دەبات؛ ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر وڵاتەکە بەڕێوەدەبات و پێویستە پەرلەمانی وڵاتەکەش سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێرێت، چونکە ماوەی سەرۆکایەتیی میشێل عەون، سەرۆککۆماری ئێستای وڵاتەکە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەسەرچووە.
تائێستا، پەرلەمانی لوبنان 12 جار شکستی هێناوە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی وڵاتەکە.
بەپێی بانکی جیهانی، لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021، ئابووریی لوبنان بە رێژەی نزیکەی 28٪ پاشەکشەی کردووە؛ لە ساڵی 2021ـیشدا کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ تەنیا 21 ملیار و 800 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2019ـدا 52 ملیار دۆلار بووە.
بانکی جیهانی دەڵێت، ئەمە گەورەترین پاشەکشەیە لەنێو لیستی 193 وڵاتی جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ