رووداو دیجیتاڵ
رووسیا و ئۆکراینا پێکەوە نزیکەی 25٪ـی گەنمی جیهان دابیندەکەن. رووسیا ساڵانە بە بەهای نزیکەی هەشت ملیار دۆلار گەنم دەفرۆشێت و زیاتر لە سێ ملیۆنیشی بۆ میسر و تورکیا دەنێرێت. هەرچی ئۆکراینایە بە بەهای 3.10 ملیار دۆلار گەنم هەناردە دەکات و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە لە کڕیارە سەرەکیەکانین، هەربۆیە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە کاریگەری لەسەر زنجیرەی خۆراک لە زۆربەی ناوچەی جیهان هەبووە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک [جەنگی رووسیا و ئۆکراینایە] کە دوو وڵاتی سەرەکیی بەرهەمهێنانی خۆراکن کە 47٪ـی گەنمی جیهان لەو دوو وڵاتە بەرهەمدێن. جگە لەوەی ئۆکراینا وڵاتێکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی رۆنی شل."
گەنم و رۆنی شل دوو پێداویستیی سەرەکیی رۆژانەن کە لە هەرێمی کوردستان نرخیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق زیاتر بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەم مانگە چاودێریی بەرزبوونەوەی نرخی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش کردووە و دەڵێت، بەراورد بە مانگی شوبات، نرخی بەشێکی سەرەکی لە ماددە خۆراکییەکان بەرزبووەتەوە:
بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان بەمشێوەیەن:
- هێلکە بە رێژەی 8,6٪ بەرزبووەتەوە؛ نرخی یەک سێت گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار و 250 دینار.
- رۆنی شل بە رێژەی 48,3٪ نرخەکەی زیادیکردووە؛ نرخی یەک لیتری بۆ سەروو چوار هەزار دینار بەرزبووەتەوە
-برنج بە رێژەی 2,7٪ گران بووە؛ نرخی یەک کیلۆگرام برنج گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هەزار دینار.
- ئاردی گەنمی سپی بە رێژەی 6,3٪ زیادیکردووە؛ نرخی یەک کیلۆی گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 250 دینار.
- شەکر بە رێژەی 4٪ بەرزبووەتەوە؛ نرخی یەک کیلۆی زیاتر لە هەزار و 350 دینار دینارە.
سۆران غەفوور، بەڕێوبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، "رۆنی شل هەر تۆنێکی 500 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایکردووە هەر بوتڵێک هەزار دینار بۆ هەزار و 250 دینار بەرزببێتەوە."
زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ساڵانە بەشێکی زۆری بە گەنم و جۆ دەچێندرێت؛ بەڵام رۆژی 13ی مانگ وشکەساڵی لە گەرمیان راگەیێندرا؛ لە چەند ناوچەیەکی دهۆک و هەولێر و سلێمانیش ئەم بەهارە هێندە بارانی کەم باریوە کە مەترسی لەسەر لەنێوچوونی گەنم و جۆ دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ