بەدواداچوونی رووداو: نرخی رۆنی شل، ئارد، برنج و شیر 15٪ دابەزیوە

22-04-2022
هۆرڤان رەفعەت
قایمقامیەتی هەولێر، لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێریی کاریگەریی بڕیارەکەیان کردووە، دەڵێن بڕیارەکە کاریگەریی تەواوی هەبووە.
قایمقامیەتی هەولێر، لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێریی کاریگەریی بڕیارەکەیان کردووە، دەڵێن بڕیارەکە کاریگەریی تەواوی هەبووە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ دابەزاندنی نرخەکانیان، لە سەرەتای مانگی نیسان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد بۆ هەڵگرتنی باج لەسەر بەشێک لە ماددە خۆراکییەکان لەوانە: ئارد، برنج، شەکر، چای رەش و رۆنی شل و بەستوو. بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای بڕیارەکە، هەرچەندە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی رەمەزان، بەڵام ساردوسڕییان پێوەدیارە.
 
لە بازاڕی سلێمانی بەدواداچونێکم کرد، دەمەوێت بزانم کە نرخی ئەو ماددە خۆراکییانە لە دوای بڕیارەکە چەندێک دابەزیون. قسەم لەگەڵ عوسمان کەریم کرد کە فرۆشیارە، گوتی، "هەر لە بنەڕەتەوە خۆی بازاڕ نییە، تەماشای ئەم گوزەرەی ئێمە بکە کە ماددەی خۆراکی دەفرۆشین، جگە لە دووکاندار و فرۆشیار کەسی لێنییە، ئەو کاڵایانەی کە ماون لە بازاڕەکان هەر کۆنەکانن، تائێستا کاڵای خۆراکیی نوێ لەدوای ئەو بڕیارەوە نەهاتووە، بۆیە دیارنییە کاریگەریی هەیە یان نا، ئەو کاڵایانەشی کە گرانبوون بازرگانەکان خۆیان گرانیان کردووە ئەگەر نا هیچ شتێک نەبووە."
 
بەهادین فایەق، مامۆستایە لە هەڵەبجە، ئەو باسی لەوەکرد، "نرخی کاڵاکان لە بازاڕ گرانن، لە ئاست دۆخ و گوزەرانی هاونیشتمانییاندا نییە."
 
ئارام فایەقیش لە هەولێرە و کاسبکارە، لەبارەی بڕیارەکە گوتی، "دوای ئەوەی کە سەرۆکوەزیران بڕیاری لابردنی گومرگی دا لەسەر ئەو کاڵایانە، بازاڕ راستەوخۆ فەرقی کرد، ئێستا بە بەراورد بە پێش رەمەزان نرخی کاڵاکان دابەزیون."
 
دەچینە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، ئەوان رۆژانە لەگەڵ قایمقامیەت لە رێگەی 38 لیژنەوە چاودێریی بازاڕ دەکەن.
 
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی پێی راگەیاندین، "نرخی زۆرینەی کاڵاکانمان وەرگرتووە، جیاوازییەکە دیارە، بەپێی گوتەی لیژنەکانمان کە چاودێریی بازاڕ دەکەن، نرخی هەر فەردەیەک ئارد دوو هەزار و بۆ دوو هەزار و 500 دینار دابەزیوە، بەهەمان شێوە نرخی زەیتەکان دابەزیون، هەندێک جۆری زەیت هەزار دابەزیوە."
 
قایمقامیەتی هەولێر، لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێریی کاریگەریی بڕیارەکەیان کردووە، دەڵێن بڕیارەکە کاریگەریی تەواوی هەبووە.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بڕیارەکەی پێ باشبوو، رایگەیاند، "بەهۆی بڕیارەکەوە پێشبڕکێ لەنێوان بازرگانەکان دروست بووە، هەموویان دەیانەوێت بەرهەمەکانیان زوو ساخبکەنەوە و کاڵای دیکە بەبێ باج بهێنن، ئەوەنەی ئێمەش تێبینیمان کردووە، هەموو ئەو کاڵایانەی باجیان لەسەر لابراوە، نرخیان دابەزیوە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، نرخی (رۆنی شل، ئارد، برنج و شیر) لە دوای بڕیارەکەی حکومەت 15٪ دابەزیون.
 
بە گوتەی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، درێژکردنەوەی ماوەی لابردنی باج لەسەر کاڵا خۆراکییەکان و زیادکردنی ئەو کاڵایانەی باجیان لەسەر لابراوە، ئەوا لە دوو مانگی داهاتوودا کاریگەریی تەواوەتی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کارمەند لە کێڵگەیەکی نەوتی عێراق کار دەکەن. وێنە: ئەرشیڤ

نرخی نەوت نزیکەی دۆلارێک بەرزبووەوە

نرخی نەوت رۆژی هەینی لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە ریژەی 1% بەرزبووەوە، بەپێی شرۆڤەکاران هۆکاری بەرزبوونەوەکەی بۆ تووندبوونەوەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەگەڕێتەوە