رووداو دیجیتاڵ
بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، کە لەئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە خەرجییەکان زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار دەبن و داهاتەکانیش 134 تریلیۆن دینار، کە 87.1٪ـی داهاتی نەوتییە؛ دوو ماددەی رەشنووسەکەش بۆ بودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ئەو 400 ملیار دینارەشی کە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، وەکو قەرز لە رەشنووسەکەدا جێی کراوەتەوە.
رەشنووسەکە لە 29 لاپەڕە و 67 مادە پێکهاتووە، بەڵام هێشتا دەقی پاشکۆکان بڵاونەکراوەتەوە.
داهاتەکان
داهاتەکان لە بودجەی گشتیی ساڵی 2023 بە 134 تریلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار دیاریکراون. نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، رۆژانە عێراق بڕی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەنێویدا 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان. بەهای 100 دۆلاری ئەمریکیش بە 130 هەزار دینار هەژمارکراوە.
بەپێی رەشنووسەکە داهاتە نەوتییەکان: 117 تریلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینارە کە رێژەی 87.1٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت. هەرچی داهاتە نانەوتییەکانە، 17 تریلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن و 63 هەزار دینارە، رێژەی 12.8٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
خەرجییەکان
خەرجییەکانی بودجەی گشتیی عێراق بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە کە خەرجیی بەردەوام (بەکارخستن، بەرنامە تایبەتەکان، قەرزەکان): 149 تریلیۆن و 559 ملیار و 959 ملیۆن و 909 هەزار دینارە. هەرچی خەرجیی بەکارخستنە: 133 تریلیۆن و 221 ملیار و 694 ملیۆن و 2 هەزار دینار دەبێت.
قەرزی نێوخۆی و دەرەکی 12 تریلیۆن و 750 ملیار و 981 ملیۆن و 21 هەزار دینار دەبێت، لەنێویاندا 400 ملیار دینار لە دانەوەی شایستەکانی بانکی بازرگانیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان.
بۆ بەرنامە تایبەتەکان، 3 تریلیۆن و 587 ملیار و 284 ملیۆن و 886 هەزار دینار دانراوە، لەنێویاندا یەک تریلیۆن و 461 ملیار و 910 ملیۆن دینار بۆ لەپێشترێتییەکانی بەرنامەی حکومەت.
هەروەها خەرجیی وەبەرهێنان: 49 تریلیۆن و 462 ملیار و 151 ملیۆن و 745 هەزار دینار، کە بەمشێوەیە دابەشدەکرێت:
ئـ-خەرجی وەبەرهێنان/ بەردەستە جێگرەکان: یەک تریلیۆن و 157 ملیار و 587 ملیۆن و 423 هەزار دینار.
ب- خەرجی وەبەرهێنانی خۆماڵی: 38 ترلیۆن و 339 ملیار و 609 ملیۆن و 331 هەزار دینار.
ج-خەرجیی وەبەرهێنان ئەوانەی لە قەرزی بیانییەوە پارەداردەکرێن: 9 تریلیۆن و 946 ملیار و 755 ملیۆن دینار.
د-پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ئەوانەی لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقەوە پارەداردەکرێن: 18 ملیار و 200 ملیۆن دینار.
هەر بەپێی پرۆژەیاساکە، بڕی 500 ملیار دینار بۆ یەدەگی فریاکەوتن تەرخاندەکرێت و بڕی 2 تریلیۆن و 500 ملیار دیناریش بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی پڕۆژەکانی پارێزگاکان.
نەوت و داهاتەکانی
-رێژەی 5٪ـی داهاتەکانی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان، رێژەی 5٪ لە داهاتەکانی نەوتی پاڵێوراو لە پاڵاوتگەکانی هەرێم و پارێزگاکان و رێژەی 5٪ لە داهاتەکانی گازی سرووشتیی بەرهەمهاتوو لە هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان بۆ ئەو هەرێم و پارێزگایانە تەرخاندەکرێت، بەڵام پارێزگاکان دەبێت یەکێک لەو داهاتانە هەڵبژێرن، چونکە بڕی دوو تریلیۆن دیناریان لە چوارچێوەی پارەی تەرخانکراو بۆ خەرجیی بەکارخستن بۆ تەرخاندەکرێت.
-ئەگەر نرخی بەرمیلی نەوت لە نرخی خەمڵێندراو لە بودجە زیاتر بوو، ئەوا رێژەی 30٪ لە زیادە پارەی بەدەستهاتوو بۆ دانەوەی شایستە دواکەوتووەکانی ئەو پارێزگایانە تەرخاندەکرێت، رێژەی 70٪یش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دابیندەکرێت.
کورتهێنان
کۆی کورتهێنانی پلان بۆ داڕێژاو لە بودجەی گشتیی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 64 ترلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن و 600 هەزار دینار.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی یاساکەوە، رۆژی سێشەممە 21-3-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگشتی رەشنووسەکە رەخنەی زۆری لەسەرە لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و شیعە و سوننە و سەربەخۆکانیشەوە، رەنگە رەتبکرێتەوە، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە بودجە بۆ سێ ساڵ قورسە و ناکرێت پێشبینی سێ ساڵی داهاتوو بکرێت، بەتایبەت لەبوونی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت و داهاتەکانی عێراق کە ناکرێن پێشبینی دووریان بۆ بکرێت بەتایبەت بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق، جگە لەوەش قەبارەی کورتهێنان زۆرە و 64 تریلیۆن دەبێت."
قەرزە بەردەوامەکان
بەشێکی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق بۆ قەرزەکان دیاریکراوە ئەوانەی عێراق لەساڵی 2023دا دەیانکات کە بریتیین لە:
- قەرزکردن لە ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی "JICA"، بەردەوام دەبێت بەمەبەستی پارەدارکردنی پڕۆژەی وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 2023دا بڕی زیاتر لە یەک ملیار و 299 ملیۆن دینار.
- قەرزکردن لە بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانی "KFW"، لە کۆی 500 ملیۆن یۆرۆ و بڕی 133 ملیۆن دۆلاری لێ دەردەکرێت، کە 95 ملیۆن دۆلاری بۆ وەزارەتی کارەبایە، 10 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی تەندروستی، 28 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە ئاژانسی هاوئاهەنگیی ئەمنی و بەرگریی ئەمریکی لەکوێت، کە 690 ملیۆن دۆلارە بۆ پارەدارکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی بەرگری، بەڵام ئەمساڵ 35 ملیۆن دۆلاری لێ بەکاردەهێنرێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی بە بڕی 418 ملیۆن دۆلار.
- بەردەوامبوون لە قەرزی ئاژانسی پارەدارکردنی هەناردەکانی بەریتانیا "UKEF"، کە 100 ملیۆن دۆلار دەبێت.
- بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە بانکە بیانییەکان بە گەرەنتیی "EKN"ـی سویدی لەکۆی 500 ملیۆن دۆلار.
- بەردەوامبوون لە قەرزی بانکە بیانییەکان بەگەرەنتیی دامەزراوەکانی دڵنیایی هەناردە نێودەوڵەتییەکان بەبڕی 435 ملیۆن دۆلار، بڕی 71 ملیۆن دۆلاری لەساڵی 2023 بەکاردەهێنرێت.
- بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە سندوقی کوێتی بۆ گەشەپێدانی ئابووریی عەرەبی لەکۆی 80 ملیۆن دۆلار و بڕی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ وەزارەتی پەروەردە دەبێت لەساڵی 2023.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردنی سندوقی سعودی بۆ گەشەپێدان لەکۆی 500 ملیۆن دۆلار، بڕی 13 ملیۆن دۆلاری لە ساڵی 2023 بەکاردەهێندرێت، پێنج ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژە وەزارەتی تەندروستی و هەشت ملیۆن دۆلاریشی بۆ وەزارەتی بازرگانی.
-بەردەوامبوون لە قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی لەکۆی زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلار، لەساڵی 2023دا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری لێ تەرخاندەکرێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە حکومەتی فەرەنسا و ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدان یان دامەزراوەی گەرەنتیی هەناردە نێودەوڵەتییەکان بەبڕی یەک ملیۆن یۆرۆ.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە بانکی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان و بڕی 5 ملیۆن و 15 هەزار دۆلاری لێ بەکاردەهێنرێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە بانکی بازرگانیی عێراق لەکۆی 76 ملیۆن دۆلار و بڕی 14 ملیۆن دۆلاری لەساڵی 2023 لێ بەکاردەهێنرێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە ئاژانسی هەناردەکانی بەریتانیا بەبڕی 120 ملیۆن دۆلار، وەزارەتی کارەباش بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار پارەدار دەکرێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە ئاژانسی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی بەبڕی 143 ملیۆن دۆلار، بڕی 500 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەرژوەندیی وەزارەتی نەوت دەبێت.
- بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە حکومەتی فەرەنسا بەبڕی 280 ملیۆن دۆلار بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی گواستنەوە بۆ جێبەجێکردنی شەمەندەفەری هەڵواسراو و بڕی 100 ملیۆن دۆلاری لەساڵی 2023 لێ بەکاردەهێنرێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە بانکی "EXIM"ـی ئەمریکی بەبڕی 243 ملیۆن و 860 هەزار دۆلار، بۆ پڕۆژەکانی وێستگەی دۆرەی تێکەڵ بۆ وێستگەی گازیی کەرکووک بەبڕی 243 ملیۆن و 860 هەزار دۆلار، بڕی 50 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەرژەوەندیی پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا دەبێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە دامەزراوەکانی گەرەنتیی هەناردەکانی نێودەوڵەتی بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە بانکە بیانییەکان و بەگەرەنتیی ئاژانسی هەناردەکانی سویدی بەبڕی 150 ملیۆن دۆلار لە کۆی 500 ملیۆن دۆلار.
-بەردەوامبوون لە ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی ناسراوە بە جایکا بەبڕی 320 ملیۆن دۆلار، بڕی 5 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان دەبێت.
-بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە بانکی هاوردەکردن و هەناردەکردنی کۆرییەوە بەبڕی 100 ملیۆن دۆلار و بڕی 35 ملیۆن دۆلاریش بۆ پێداویستییەکانی وەزارەتی بەرگری دەبێت.
-چەندین قەرزی نوێی دیکە زیادکراون، لەوانە 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، هەروەها قەرزکردن بەبڕی یەک ملیۆن و 472 ملیۆن دۆلار لە بانکی EXIMـی ئەمریکی.
پەرلەمانتارەکەی عێراق دەڵێت: "بەشێک لەو قەرزانەی عێراق دەیانکات پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە پێداگیریی دەکەین لەوەی هەرێمی کوردستان سوودمەندبێت لەو پڕۆژە و قەرزانەی دەکرێت، چونکە دواجار ئێمەش لە قەرزی سیادی و حاکیمە دەبێت پارە بدەین."
بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان
ماددەی 13ـی و 14ـی رەشنووسەکە لەبارەی هەرێمی کوردستانەوەیە و پوختەکەی بریتییە لە:
- شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێتەوە، دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بەپشتبەستن بە ماف و پابەندبوونەکانی یاسای بودجەی ساڵانی رابردوو.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەنددەبێت بە هەناردەکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کێڵگەکانییەوە و داهاتەکانی دەبێتە داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەنددەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی بەگەنجینەی دەوڵەت و بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، بەڵام دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان وردبینی لە داتاکاندا بکەن.
- وەزارەتی دارایی عێراق پابەنددەبێت مانگانە شایستەکانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
- قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق لە رەسیدی بانکی عێراقی لەلای بانکە حکومی و تایبەتییەکان یەکلایی دەکرێتەوە، وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە بەخشتەکردنی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی حەوت ساڵ و لەساڵی 2023ەوە دەستپێدەکات.
-سەرجەم کۆی داهاتەکانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە یەک هەژماری بانکی دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێک، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەو کەسەی رادەسپێردرێت دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و هەژمارەکە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە چاودێریی دەکرێت و سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی دیکە دادەخرێن.
-دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەستن بە وردبینی ئەو هەژمارەی دەکرێتەوە و چاودێریکردنی لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە مافی تەماشاکردنی سەرجەم گرێبەست و داشکاندنەکانی پەیوەست بە بابەتەکەی دەبێت لەگەڵ شایستەکانی کۆمپانیاکان بۆ دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەکردن.
-ئەو هەژمارە بانکییە بەهەموو ئەو پارانەی دەچێتە نێوی و لێوەی دەردەچێت لەلایەن کۆمپانیایەکی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە وردبینی بۆ دەکرێت و راپۆرتی خولیی لەبارەیەوە دەداتە دیوانی چاودێری لە بەغدا و هەولێر.
-داتا داراییەکان ساڵانە و شەش مانگ جارێک بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و چاودێری هەژمارە سەربەخۆکە (کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە) دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
-لیژنەیەک لەهەردوو لایەن پێکدێت بۆ پێداچوونەوەی گشتگیری ماوەکانی رابردوو پەیوەست بە نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی لەنێوان وەزارتی نەوت و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی تێڕوانێنێکی یەکگرتوو و بەپێی دەستوور هەبێت کە رەزامەندیی هەردوولای لەسەر بێت و جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی قۆناخەکانی رابردوو یەکلایی بکرێتەوە.
-لەکاتی هەر ناکۆکییەکدا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئەوەی پەیوەندیی بە ماف و پابەندبوونەوەکانەوە هەیە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێکدەهێنرێت بۆ تەماشاکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و لەماوەی یەک مانگ لە دروستکردنییەوە راسپاردەکانی بۆ سەرۆکوەزیران بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.
-بڕی 400 ملیار دینار وەکو قەرز دەدرێتە هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری 333ـی ساڵی 2022ـی ئەنجوومەنی وەزیران.
هەندێک ماددەی دیکە
-پێویستە وەزارەتەکانی کارەبا، پەیوەندییەکان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و ئەمیندارێتی بەغدا پارەی کارەبا و پەیوەندییکردن و ئاو و ئاوەڕۆ و هەموو رسوماتی دیکە وەردەگرن.
-پێویستە ئەو کارە لە رێگەی کەرتی تایبەت یان گشتی یان بە هاوبەشی هەردوولا بکرێت.
-ساڵانە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار وەکو رسوماتی کارکردن لە کرێکارانی بیانی وەردەگیرێت.
- رێژەی 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانە دەبێت کە دەروازەکان دەکەونە سنوورییانەوە.
- رێژەی 10٪ـی داهاتی نۆرینگە میللییەکان بۆ پشتیوانیکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان لە پارێزگاکان تەرخاندەکرێت.
- رسومات بەمشێوەیە دەبێت (رێژەی 5٪ لەسەر هەر لیترێک بەنزین ، 10٪ لەسەر هەر لیترێک گازوایل، 1٪ لەسەر نەوتی رەش، رێژەی 15٪ بۆ هەر لیترێکی ئەو سووتەمەنییانەی هاوردەدەکرێن.)
- بڕی 25 هەزار دینار رسومات لەهەر کەسێک وەردەگیرێت کە گەشتی دەرەوە دەکات.
- سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان و باشترکردنی ژینگە دادەمەزرێت و سەرمایەکەی یەک تریلیۆن دینار دەبێت.
- سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا بڕی 50 ملیار دیناری بۆ تەرخاندەکرێت.
- دامەزراندنی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ئەو پارێزگایانەی هەژارترینن بە بڕی 500 ملیار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ