بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

21-12-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ خوار 153 هەزار دینار دابەزی. پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو نرخی دینار زیاتر بەرزببێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-12-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 150 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
حاجی سابیر دەڵێت، "لە مامەڵەکانی رۆژدا نرخی دینار لە بەرزبوونەوەدا بووە و 100 دۆلار ئاستی 152 هەزار دیناریشی تۆمارکرد، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەکراوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 209 ملیۆن و 994 هەزار و 98 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 177 ملیۆن و 574 هەزار و 98 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 32 ملیۆن و 420 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی خستنەڕووی دۆلاری کاشە لە دوو هەفتەی رابردوودا، وەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، "کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی دینار هەبووە لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا و خواستی خەڵک زیاتر لەسەر دینار بووە."
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 350 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا 152 هەزار و 600 دینار بووە.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "دوای شکاندنی ئاستی 155 هەزار دینار بەرامبەر 100 دۆلار، خەڵک پێیوایە ئیدی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار رووی لە بەرزبوونەوەیە."
 
وەکو جەبار گۆران دەڵێت، "هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە نرخی دینار زیاتر بەرزدەبێتەوە."
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی باس لەوە دەکات، هاوشان لەگەڵ رێککەوتنی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ ئیمارات بۆ مامەڵەی بازرگانی بە درهەمی ئیماراتی و، لەگەڵ بانکی ناوەندیی تورکیا بە لیرە و یۆرۆ، ئەگەر رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ چینیش بکرێت، نرخی دینار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
 
هەریەکە لە حاجی سابیر و جەبار گۆران پێیانوایە، لە هەفتەی داهاتوودا، ئەگەر هیچ رووداوێکی سیاسی روونەدات، نرخی دینار زیاتر بەرزدەبێتەوە و، ئەگەری دابەزینی نرخی 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دینار هەیە.
 
جەبار گۆران گوتی، "تاوەکو سەری ساڵ، رەنگە نرخی 100 دۆلار بگاتە خوار 150 هەزار دیناریش."
 
هەفتەی رابردوو شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ شاندێکی بانکی ناوەندیی و گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوە. دواتر راگەیێندرا کە ئەمریکا بەڵێنیداوە پێویستییەکانی عێراق لە دۆلار بۆ ساڵی داهاتوو دابین بکات، بەڵام هێشتا هیچ لایەنێک بە فەرمیی ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
دوێنێ چوارشەممەش، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "لە دوو هەفتەی رابردوودا بانکە حکومی و تایبەتەکانی عێراق 255 ملیۆن دۆلاریان هاوردە کردووە."
 
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، "ئێستا لێکۆڵینەوە لە چەند داواکارییەکی دیکەی عێراق دەکرێت بۆ ناردنی دۆلاری زیاتر و، پێشبینی دەکەن لە رۆژانی کەمی داهاتوودا، دۆلاری زیاتر بۆ عێراق بنێردرێت."
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت کە بۆ 100 دۆلار 132 هەزار دینار وەردەگرێت. ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئەو پارەیە بەشی زۆری بۆ دەرەوەی وڵاتە؛ بۆیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە