رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی بەرهەمهێنەرانی نانی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان ناچارن نرخی نان بۆ 12 لیرەی تورکی بەرزبکەنەوە.
موراد کاڤونجو، سەرۆکی فیدراسیۆنی بەرهەمهێنەرانی نانی تورکیا رایگەیاند، لە کشتوکاڵ و بەرهەمە خۆراکییەکاندا نزیکەی ٪300 هەڵاوسان هەیە، لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا چەندینجار نرخی گازوایل، کارەبا، گازی سرووشتی، کەرەستەی بیناسازی و باج بەرزبووەتەوە و بەو هۆیەوە تێچووی دروستکردنی نانیش زیادیکردووە.
کاڤونجو دەڵێت، نرخی 250 گرام نان لە سەرتاسەری تورکیا بە 7 بۆ 10 لیرە بوو، بەڵام دوای ئەو یاسایەی باج کە بەم دواییە لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، بڕیارە نرخی نان بۆ 12 لیرە بەرزبکرێتەوە.
کاڤونجو گوتی، "پێویستە ئەو سیاسەتە دارایی و ئابوورییانەی کە وڵاتەکەمان پەیڕەویان دەکات، بەپەلە بگۆڕدرێت و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ باشترکردنی ئابووریمان".
لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و نرخی سووتەمەنی، نانەواخانەکانیش نرخی نان بەرز دەکەنەوە. لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان نرخی 210 گرام نان بە رێژەی 50% بەرزکرایەوە و بوو بە 6 لیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ