رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق دوایین تێبینیی خۆیان لەبارەی پشکى هەرێمى کوردستان دەدەنە لیژنەکە، کە بە گوتەى ئەندامێکى کوردى لیژنەکە؛ تێبینییەکان تایبەتن بە مەرجەکانى ناردنى پشکەکە نەک بڕەکەى.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی یەکشەممە، 21-5-2023، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەندامانى لیژنەى دارایی کە سەر بە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگین ئەمڕۆ یەکشەممە دوایین تێبینیى خۆیان دەدەنە لیژنەکە لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە هاوپەیمانێتییەکەیان لە پەرلەمان".
خەلیل دۆسکى گوتیشى، "تێبینیى ئەو پەرلەمانتارانە لەسەر بڕى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان نییە، بەڵکو دەیانەوێت مەرج بۆ ناردنى دابنێن".
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە لەکۆى 199 تریلیۆن دینارى تێکڕاى پارەى پڕۆژەیاساکە.
لە 19ـى ئایاری 2023، 10 پەرلەمانتارى عێراق بە فەرمى پێشنیازێکیان دایە لیژنەى دارایی بۆ ئەوەى گۆڕانکارى لەو مادانەی پڕۆژەیاسای بودجەدا بکرێت کە پەیوەندییان بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە؛ لەو پێشنیازەدا داوا دەکەن بڕگەى فرۆشتنى نەوت لە لایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بگۆڕدرێت بۆ کۆمپانیاى سۆمۆ و لە ئەگەری دروستبوونى کێشەش؛ هەولێر و بەغدا بگەڕێنەوە بۆ بڕیارى دادگەى فیدراڵیی عێراق.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر زۆربەى مادەکانى پڕۆژەیاساکە داوە و ئەوەى ماوەتەوە ئەو مادانەن کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان کە ماددەکانى 12،13،14ـى پڕۆژەیاساکەن.
بڕیارە لەدواى دەنگدان بە هەموو ماددەکانى پڕۆژەیاساى بودجە لەنێو پەرلەمان، پڕۆژەیاسایەکە رادەستى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بکرێت بەمەبەستى دیاریکردنى کۆبوونەوەیەک بۆ دەنگدان لەسەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ