ئابووری

پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ چەند باڵەخانەیەک وەکو ئاماژە بۆ دۆخی ئابووری. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF)، لە راپۆرتی ئەمساڵی خۆی دا لەسەر ئاسۆی ئابووریی جیهان، چاپتەرێکی تەرخان کردووە بۆ کاریگەرییەکانی بەساڵاچوونی دانیشتووان لەسەر ئابووریی وڵاتان و باس لەوە دەکات چۆن وڵاتان خۆیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکان بپارێزن و بیکەنە هەل لە بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵاتدا.
IMF زیادبوونی رێژەی دانیشتووانی بەساڵاچوو، کەسانی تەمەن زیاتر لە 65 ساڵ و کەریگەرییە ئابوورییەکانی بە (ئابووریی خۆڵەمێشی) ناودەبات و ناوی چاپتەرەکەشی ناو، (سەرهەڵدانی ئابووریی خۆڵەمێشی).
راپۆرتەکەی IMF ئاشکرای دەکات، تاوەکو ساڵی 2100 گەشەی ژمارەی دانیشتووان دەگاتە سفر یان نزیک لە سفر دەمێنێتەوە. تەمەنی دانیشتوانی جیهان لەنێوان 2020 تاوەکو 2100، 11 ساڵ زیاددەکات. بەساڵاچووانی دانیشتووان تەنیا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان نییە، بەڵکو لە وڵاتە تازەپێگەیشتووانیش بەساڵاچوونی دانیشتووان روودەدات. ئەوەی گرنگە، خەڵک تەنیا ئەوە نییە کە تەمەنیان دەچێتە سەرەوە، بەڵکو بە تەندروستییەکی باشترەوە دەچنە تەمەنی بەساڵاچوون یان خانەنشینی.
کەسێکی تەمەن 70 ساڵ لە ساڵی 2022دا بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئاستی هۆشیاری نزیکە لە کەسێکی تەمەن 53 ساڵ لە ساڵی 2000 دا. چۆنیەتیی بەساڵاچوونی تەندروست پەیوەستە بە رێژەی بەشداریی دانیشتووان لە هێزی کار و بەرهەمهێنان و داهات دا.
پەیوەندیی بەساڵاچوون و گەشەی ئابووری، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە راپۆرتەکەیدا پێشبینی دەکات ئەگەر سیاسەتەکانی ئێستا بەردەوام بن، گەشەی ئابووریی جیهان لەنێوان 2025 تاوەکو 2050 بەڕێژەی 1.1٪ دادەبەزێت.
IMF دەڵێت، ئەگەر بەساڵاچوون لەگەڵ تەندروستییەکی باش رووبدات، ئەوە دەبێتە هۆکار ئەو دابەزینە 1.1٪یە لە گەشەی ئابووریی جیهان، بەڕێژەی 0.4٪ کەمتر بێت.
بەپێی IMF، سێ لەسەر چواری رێژەی دابەزینی گەشەی ئابووریی جیهان، بەهۆی بەساڵاچوون و ئاراستەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا روودەدات. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لەو وڵاتانەی کە ژمارەی بەساڵاچووان زیاترە، لەڕووی بودجە دانانەوە تووشی گوشاری دارایی ببنەوە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە چۆنیەتی بەساڵاچوون لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە و لە وڵاتە کەمداهات و مامناوەندەکان، بەساڵاچووان خاوەنی تەندروستییەکی جەستەیی و دەروونی کەمترن.
پێشنیازەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو
IMF بۆ کەمکردنەوەی زیانی ئابووریی بەساڵاچوون لەسەر وڵاتان پێشنیاز دەکات، حکومەتەکان سیاسەتەکانی چاودێریی تەندروستی و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن. چاودێریی دۆخی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی بەساڵاچووان بکەن بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمداربوونیان کەم نەبێتەوە.
ئەو ناوەندە گەورەیەی جیهان پێشنیاز دەکات، حکومەتەکان هانی ئەوە بدەن تەمەنی خانەنشینی زیاتر بکرێت هاوتەریب لەگەڵ چاوەڕوانیی تەمەنی هاووڵاتیان، تەمەنی خانەنشینی بەرزبکەنەوە. لە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی وڵاتان دەبێت رەچاوی ئەوە بکەن دۆخی تەندروستیی گشتی و بەساڵاچووان لە چ ئاستێکدایە.
سندووقەکە لە بەشێکی دیکەی راسپاردەکانی بە حکومەتەکان دەڵێت، دەبێت کار بۆ ئەوە بکەن درزی رەگەزی لەنێوان پیاوان و ئافرەتان کەم بێتەوە بەتایبەتی لەو رووەوە کە بابەتی بەساڵاچوون لە جیاتی ئەوەی وەک کێشە چاو بکرێت، بکڕێتە بزووێنەرێک بۆ گەشەی ئابووریی وڵات.
IMF دەڵێت، سیاسەتەکانی هاندانی بازاڕی کار دەتوانێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی بابەتی بەساڵاچوون بڕەوێنێتەوە.
ئەو ناوەندە گەورەیەی دارایی جیهان دەڵێت، هاندانەکان دەتوانێت کاریگەریی بەساڵاچوون لەسەر ئابووریی وڵاتەکان بەڕێژەی 0.6٪ کەم بکاتەوە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو وەک نموونە باس لە دوو وڵاتانی ئیتاڵیا و یۆنان دەکات کە دەتوانن لەڕێگەی رێکخستنی خانەنشینییەوە بەڕێژەی 4٪ تاوەکو 5٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان، ئابوورییەکەیان گەشە پێبدەن.
دواجارIMF دەڵێت (بەساڵاچوون)، نابێت وەک چارەنووس چاوی لێبکرێت و دەبێت لەلایەن حکومەتەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو پلانی ئابووریی وڵاتان بەتایبەتی لە کەرتەکانی تەندروستی و بازاڕی کار و بەوپێەش داوا دەکات چاکسازی لەو بارەیەوە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ