رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی سزا نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و بەڵێنی چەندین ئەندامی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت، نرخی نەوت بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 66 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 44 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەرچەندە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن، رۆژی چوارشەممە ئیدارەی ترەمپ، سزای بەسەر پاڵاوگەیەکی چینی سەپاند بەهۆی کڕینی نەوتی ئێران.
رۆژی چوارشەممە رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، زانیاریی نوێیان پێگەیشتووە لەلایەن عێراق و چەندین وڵاتی دیکە و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکانی نەوت، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە.
مایکل مەککارتی، شرۆڤەکاری بازاڕە دارییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "سزاکانی سەر ئێران و هەنگاوی داهاتووی ئۆپێک دەتوانێت خستنەڕووی نەوت کەمبکاتەوە."
مەککارتی دەڵێت، "دابەزینەکانی چەند هەفتەی نرخی نەوت بەهۆی ئەوە روویداوە بازرگانانی نەوت پێیانوابووە لەبەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و لادانی بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمهێنەرانی نەوت، قەبارەی خستنەڕووی نەوتی ئەمریکا زۆر زیاد دەکات، بەڵام نرخەکان هێندە دابەزیون کە بە ئەگەری زۆرەوە ئێستا لە کەمترین ئاستەکانی خۆیاندان و لەوە بەدواوە دەبێت ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرنە بەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ