رووداو دیجیتاڵ
پەتای کۆرۆنا، زیانی گەورەی بە ئابووریی جیهان گەیاند، چەندین کۆمپانیا و شوێنی بازرگانی لە جیهاندا داخران و مایەپووچ بوون، بەڵام دواتر بەرهەمهێنانی ڤاکسین، کەسایەتی و کۆمپانیای زۆری دەوڵەمەند کرد یان پارەیەکی زۆری بۆ سەر داهات و سامانەکەیان زیادکرد.
ئێستا لە جیهاندا بەهۆی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەوە نۆ کەسی نوێ لە جیهاندا بوونەتە ملیاردێر.. ئەو نۆ کەسە سامانەکەیان هێندە زۆرە، بەگوێرەی داتاکانی هاوپەیمانی ڤاکسینی خەڵک کە بە PVA ناسراوە سامانەکەیان زۆر لەو پارەیە زیاترە کە جیهان پێویستی پێیەتی لەپێناو دابینکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتانی هەژاری جیهان.
ستیفن بانسل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مۆدێرنا بەهۆی ڤاکسینەوە بووەتە خاوەنی 4.3 ملیار، هەروەها
ئوگور شاهین، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری کۆمپانیای بایۆنتێک بووەتە خاوەنی 4 ملیار دۆلار. سامانی هەر نۆ کەسەکەش پێکەوە 19.3 ملیار دۆلارە.
لە سەرانسەری جیهاندا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ سەرووی 165 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، کە زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزاریان گیانیان لە دەستداوە. تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش هۆشداری دەدات کە دەکرێت ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو خراپتربێت.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆرۆنا بووەتە هۆی هەژاربوونی 114 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا.
تاوەکو ئێستا ملیارێک و 650 ملیۆن قورچکە ڤاکسین لە سەرانسەری جیهان دابەشکراون، بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشی هەرە زۆری بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان بووە.
لە کاتێکدا وڵاتە دەوڵەمەندەکانی وەک بەریتانیا، چین و ئەمریکا نزیک دەبنەوە لەوەی 70٪ی خەڵکەکەیان ڤاکسین وەربگرن، تاوەکو ئێستا تەنانەت 5٪ی خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەفریقا داوا لە وڵاتانی خاوەن ئابووریی پێشکەوتوو دەکەن هاوکارییان بکەن تاوەکو لە نێو وڵاتەکانیان ڤاکسین بەرهەمبهێنن.
لێکۆڵەرەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای ئەسترازێنیکاش دەڵێن، جیهان پێویستی بە 66 ملیار دۆلارە تاوەکو ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بە هەموو دانیشتووانەکەی بگات.
ئەو لێکۆڵەرانە داوا لە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، ژاپۆن و ئەڵمانیا دەکەن لە کۆبوونەوەی لووتکەیاندا کە لە مانگی حوزەیران دەکرێت، دابینکردنی 43 ملیار دۆلار لەو بڕە پارەیە بگرنە ئەستۆ.
ئەو نۆ کەسەی بەهۆی ڤاکسینەوە بوونەتە ملیاردێر:
ستیفن بانسل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مۆدێرنا
سامان: 4.3 ملیار
ئوگور شاهین، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری کۆمپانیای بایۆنتێک
سامان: 4 ملیار دۆلار
تیمۆتی سپرینگەر، وەبەرهێنەر لە کۆمپانیای مۆدێرنا
سامان: 2.2 ملیار دۆلار
نۆیبار ئافیان، سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا
سامان: 1.9 ملیار دۆلار
خوان لۆپێز بێلمۆنت، سەرۆکی ROVI، کۆمپانیای گواستنەوەی ڤاکسین
سامان: 1.8 ملیار دۆلار
رۆبەرت لانگەر، زانا و وەبەرهێن لە کۆمپانیای مۆدێرنا
سامان: 1.6 ملیار دۆلار
ژو تاو، دامەزرێنەری کانسینۆ بایۆلۆژیک
سامان: 1.3 ملیار دۆلار
کیو دۆنکسو، جێگری سەرۆکی کانسینۆ بایۆلۆژیک
سامان: 1.2 ملیار دۆلار
ماو هوینوا، هاوبەشی کانسینۆ بایۆلۆژیک
سامان: 1 ملیار دۆلار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ