رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ نزیکەی 151 هەزار دینار دابەزی. پێشبینییەکان زیاتر بە ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخی دینارن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21.1.2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 151 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
وەک حاجی سابیر گوتی، لە مامەڵەکانی رۆژدا، نرخی دینار لە بەرزبوونەوەدا بووە، لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 151 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر گوتیشی، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دینار ئەوەیە ئێستا حەواڵە زووتر دەچێتە سەر هەژماری بازرگانان.
دەشڵێت، ئەگەر هیچی لەناکاو روونەدات، پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا، بەتایبەتیش ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق دۆلارێکی زیاتر بەشێوەی کاش بخاتە بازاڕەوە.
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەدا 151 هەزار و 900 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا 151 هەزار و 300 دینار بووە.
ئەو رۆژانەی دەوامی فەرمی هەبێت بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئەو پارەیە زۆرینەی بۆ دەرەوەیە و نایەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە بەهای دینار بەردەوام ناجێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ