بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق: بەهۆی نەخۆشی وەرزی نزیکەی 20 تۆن ماسی لەنێوچوون

09-11-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن حەوزی ماسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق دەڵێت، ئەوەی لە نێو حەوزی ماسییەکانی ناحیەکە بڵاوبووەوە نەخۆشیی وەرزی بوو و ئێستا کەمبووەتەوە، بەهۆی نەخۆشییەکەش تائێستا نزیکەی 20 تۆن ماسی لەنێوچوون.
 
لە مانگی ئەیلوولەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک لە نێو حەوزی ماسییەکانیی ناحیەی تەقتەق کە "نەدەزانرا" چییە بەشێکی زۆری ماسی لە حەوزەکانی ئەو ناوچەیە لەنێوچوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە 09-11-2023 ئاسۆ مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی روونبووەتەوە نەخۆشی وەرزی بووە و لە نێو حەوزەکانی ماسیی تەقتەق بڵاوبووەوە، کاتێک وەرز لە گەرما دەگۆڕێت بۆ سارد ماسییەکانیش کاتیان دەوێت تاوەکو خۆیان لەگەڵ کەشوهەواکە دەگونجێنن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، ئێستا دۆخەکە باشتر بووەتەوە و نەخۆشییەکە لە نێو حەوزی ماسییەکان کەمتر بووە و دەشڵێت، "ئەو کاتەی نەخۆشییەکە بڵاوبووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 تۆن ماسی لەنێوچوون."
 
لە تەقتەق 700 حەوزی ماسی هەن، بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، "تەنیا دوو حەوزیان مۆڵەتیان هەیە و ئەو بابەتەش پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی نەبووە."
 
تەقتەق و کۆیە زۆرترین حەوزی ماسییان تێدایە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی حەوزەکانی ناوچەکە زێی بچووکە، هەندێک حەوزیش هەن پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
 
زۆرینەی حەوزەکانی ماسی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمییان نییە. بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، "412 حەوزی ماسی هەن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە."
 
هەر بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی، بەرهەمی 412 حەوزی مۆڵەتداری ماسی ساڵانە سێ هەزار و 315 تۆنە، لەگەڵ بەرهەمی بێ مۆڵەتەکان و ئەوانەی راو دەکرێن لە دەریاچەکان ساڵانە بەرهەم دەگاتە حەوت هەزار تۆن ماسی.
 
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 12 هەزار تۆن ماسی هەیە. ئەوەش بەشی نێوخۆ ناکات، بۆیە ماسی لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق، هەروەها ئێران و تورکیا هاوردە دەکرێت.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.