رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی سێ مووچە نەدراوەکەی پاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانتارانی یەکگرتووی راگەیاندووە، لە پسپۆڕی ئەواندا نییە. "دەبێت بە بانکیکردنی مووچە لە رێگەی بانکی حکومییەوە بێت."
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی "پرسیاری سێ مووچە نەدراوەکەی ساڵی رابردوومان لە سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کرد. گوتی ئەو بابەتە لە پسپۆڕی دادگەی فیدراڵی نییە."
لەبارەی بە بانکیکردنی مووچە، سەرۆکی دادگەکە رایگەیاندووە، بڕیارەکەیان روونە و دەبێت لە رێگەی بانکی حکومییەوە بێت و لە بانکی حکومی جێگیر بکرێت.
موسەننا ئەمین دەڵێت "داوامانکرد دادگەی فیدراڵی روونکردنەوە لەبارەی ئەو جیاوازییەی مووچە بدات کە لە مووچەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە. سەرۆکی دادگە گوتی، بەدواداچوون دەکەین و دوای نزیکەی 15 رۆژی دیکە سەربدەنەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو دەشڵێت: سەردانەکە بۆ ئەوەیە سەرۆکی دادگە بزانێت لە رێگەی روونکردنەوەوە ئەو بابەتە چارەسەر دەبێت یان پێویستی بەوەیە سکاڵایەکی دیکە تۆمار بکرێت.
موسەننا ئەمین، ئاماژەی بەوەکرد: " 100٪ گرفتی مووچە چارەسەر بووە."
بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو سەبارەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی باسی لەوە کردووە، ئەوان هەڵەبجەیان وەک پارێزگا ناساندووە، کاتێک لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاوشێوەی سێ پارێزگاکەی دیکە هەڵەبجەیان کردووەتە بازنەیەکی هەڵبژاردن.
رۆژی 18-4-2024، شاندێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی بڕیارەکانی دادگەکە بۆ مووچەی فەرمانبەران کۆبووەوە.
رۆژی هەینی، 19-4-2024 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین."
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە. وەزیری دارایی عێراق بە رووداوی گوت، مووچەی ئەو سێ مانگە خەرج ناکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی خۆی هەبووە و لە پێدانی ئەو سێ مووچەیە بەرپرسە.
وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی زانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ