رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار نزیکەی 1500 دینار دابەزی و گەیشتە خوار 156 هەزار دینار.
رۆژی دووشەممە، 19-9-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 157 هەزار و 400 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 155 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
دوێنێ دووشەممە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمريکا بەڕێکەوت، ئەوەش بە مەبەستى بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سوودانی لە شارى نیویۆرکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەگەڵ بارین نیلسۆن، بریکارى وەزارەتى گەنجینە ئەمریکا بۆ کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و هەواڵگرى دارایی کۆبووەوە و باسیان لە میکانیزمەکانى هاوکاریی نێوانیان کرد لەبوارى چاکسازیى ئابوورى و کارگێڕیدا.
حاجی سابیر دەڵێت، ئەم هەواڵە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هەبووە و پێشبینی دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا بەهای دینار زیاتر بەرزببێتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، دوای سەردانەکەی سوودانی، هیوایەک دروستبووە بەوەی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری زیاتر بەشێوەی نەختینە بخاتە بازاڕەوە.
بە بڕوای حاجی سابیر، بەهای دینار قۆناخ بە قۆناخ دەست بە بەرزبوونەوە دەکات بەرامبەر دۆلار و رەنگە لە هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی داهاتوودا، ئەگەر هیچ رووداوێکی لەناکاو روونەدات، 100 دۆلار بۆ 152 بۆ 153 هەزار دینار دابەزێت.
هاوکات، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 157 هەزار و 350 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 155 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
جەبار گۆران بە هەمان شێوە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگێڕێتەوە و دەڵێت، سەردانەکە بەو واتایە دێت کە هەردوولا گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش و دەرفەتی زیاتر بە حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق دەدرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا.
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، بانکی ناوەندیی عێراق 219 ملیۆن و 107 هەزار و 561 دۆلاری فرۆشت؛ لەو بڕە 38 ملیۆن و 250 هەزار دۆلاری بە نەختینە و 180 ملیۆن و 857 هەزار و 561 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بوو.
بە بڕوای جەبار گۆران، لە رۆژانی داهاتوو رەنگە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار قۆناخ بە قۆناخ روو لە بەرزبوونەوە بکات و 100 دۆلار بگاتە 150 هەزار دینار و کەمتریش.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ